دۆسیەی کەبوودوەند لە دانیشتنی شوورای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دێتەگوڕێ

20:47 - 27 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوێکی داکۆکیکاری مافی مرۆڤی کورد داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە سەرنجی تایبەتی بداتە ئازادکردنی بەرپرسی ڕێکخراوی بەرگریی لە مافی مرۆڤی کوردستان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سبەی ئێوارە حەڤدەی ژووئەن، دانیشتنی سی و دووی شوورای مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بنکەی ئورووپایی ئەم ڕێکخراوە بەڕێوە دەچێت کە باس لە دوادۆخی جەستەیی و ڕۆحیی محەممەدسدیق کەبوودوەند، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەبێت.

\"30327.jpg\"
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ـ ژنێڤ
لەم دانیشتنەی شوورای مافی مرۆڤدا، سەرنجی ڕای گشتی و چالاکانی مەدەنی بۆ هەلومەرجی ئازادیی ڕادەربڕین و مافی هاووڵاتی لە کوردستانی ئێران ڕادەکێشرێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ـ ژنێڤ، وەک داهێنەر و پاڵپشتیکەری ئەو گەڵاڵەیە ڕایگەیاندووە: کۆماری ئیسلامی لە سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە و فیلتێر کردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکی فەیسبووک و تویتر بەردەوامە.

ئەو دامەزراوەی بەرگری لە مافی مرۆڤ هەروەها لە زاری نوێنەری خۆیەوە داوا دەکات کە ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئازادیی ڕادەربڕین و کۆبوونەوەی ئاشتیخوازانە هاوڕێ دەگەڵ ئەحمەد شەهید بەیاننامەیەکی هاوبەش لەبارەی ئازادکردنی بێ مەرجی محەممەدسدیق کەبوودوەند بڵاو بکەنەوە.

دانیشتنی ئاماژە بۆکراو بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە تەلەفزیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاو دەبێتەوە.

بەپێی ئامارە نیوەفەرمییەکان، زیاتر لە ١١٥٠ زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەکانی ئێراند هەن کە پشکی چالاکانی سیاسی ـ مەدەنیی کورد زیاتر لە ٥٠٠ کەسە.

محەممەد سەدیق کەبوودوەند، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری حەفتەنامەی \"پیام مردم\" و دامەزرێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، مانگی پووشپەڕی ساڵی ٨٦ دەستبەسەر و دوای ماوەیەک زیندانی و دەستبەسەری، لە لایەن دەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، بە ١١ ساڵ زیندانی بوون حوکم درا.

کەبوودوەند لەماوەی دەستبەسەری‌ لە زیندانی \"ئێڤین\"ی تاران، دوو جار تووشی جەڵتەی دڵ و جارێکیش تووشی جەڵتەی مێشک هاتووە.

دامەزرێنەری ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان، زۆرجار وتوویەتی: زیندانی کردنی کەبوودوەند نایاساییە و دژایەتی لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان هەیە و ئازاد کردنی کەبوودوەند دەبێ بێ مەرج بێت.