دۆسییەی یەکێک لە بەرکەوتووانی تەقینەوەی مین لە شاری بانە ناڕوونە

15:56 - 9 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: پاش تێپەڕبوون زیاتر لە دوو دەیە، دۆسییەی یەکێک لە قوربانیانی تەقینەوەی مین لە شاری بانە بەپێی یاسای کۆمیسیۆن ماددەی ٢ هەتا ئێستا تاوتوێ نەکراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دۆسییەی جەماڵ عەلیزادە، یەکێك لە قوربانیانی تەقینەوەی مین، کە لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، بە هۆی تەقینەوەی مینە بەجێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق گیانی خۆی لە دەست داوە، هەتا ئێستا بەدواداچوونی بۆ نەکراوە و بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕایانگەیاندووە: \"زیاتر لە دوو دەیەیە بە سەر ئەو ڕووداوەدا تێدەپەڕێ، بەڵام دۆسییەی جەماڵ عەلیزادە، هەتا ئێستە بەدواداچوونی بۆ نەکراوە\".

بە وتەی بنەماڵەی عەلیزادە، یاساکانی پشتیوانی لە قوربانیانی مین دەبێت باشتر بکرێت.

ئەو هاووڵاتییە کوردە باوکی پێنج منداڵ بووە.

لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی نێوان ئێران و عێراق یاسایەک بە ناوی کۆمیسیۆنی ماددەی ٢ بە مەبەستی پشتیوانی لەو هاووڵاتییانە کە لە گۆڕەپانی شەڕدا بە هۆی تەقینەوەی مین یان کەرەستەی بەجێماوەی شەڕەوە کوژرا و یان برینداربوون، پەسەند کرا.

بەپێی ئەو یاسایە، هەر هاووڵاتییەک کە بە هۆی تەقینەوەی مین دەکوژرێت یان کەمئەندام دەبێت، پارێزگار بەرپرسیارە کە کۆمیسیۆنی بۆ پێک بێنێ و ئەو هاووڵاتییانەش کە گیانیان لە دەست داوە وەکوو \"شەهید\" بە ئەژمار بن و ئەگەریش کەمئەندام یا بریندار بوون، دەبێت ڕێژەی کەمئەندامبوونی ناوبراو دیاری بکرێت و لەژێر چاوەدێری ڕێکخراوی بێهزیستی یان کۆمیتەی ئیمداددا بێت.