دۆخی گۆلی ورمێ لەهاوینی ٩٤دا قەیراناوی‌تر دەبێت

14:15 - 19 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: دۆخی گۆلی ورمێ لەهاوینی ئەمساڵدا، بە بەراورد لەگەڵ هاوینی ساڵی رابردوو، قەیراناویتر دەبێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە گوتەی نوێنەری رێکخراوی زەوی‌ناسی لەئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، سەرەڕای باران بارینی بەرچاو، دۆخی ئەو گۆلە بۆ ساڵی داهاتوو خراپتر پێشبینی دەکرێت.

رازییە لەک لە دووەمین دانیشتنی تایبەتیی سەبارەت بە گۆلی ورمێ، رایگەیاند: بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە ئەنجام دراون، کۆمەڵێک فاکتۆری وەکوو رەوشی کەشوهەوای ناوچەکە، پردی نێو گۆلی ورمێ و بەکارهێنانی نادروستی ئاوی گۆلی ورمێ، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر وشکبوونی ئاوی ئەو گۆلەدا هەبووە.

ناوبراو راشیگەیاندووە: لەهەموو دنیادا بەکارهێنانی لەسەدا ٤٠ی ئاوەکانی ژێر زەوی، مەترسیدار راگەیاندراوە، لە کاتێکدا لەسەدا ٧٠ی ئاوی دەوروبەری گۆلی ورمێ بەکار هێنراوە.

پێشتریش تیمێکی نێونەتەوەیی چالاک لە بیاڤی سەرچاوە ئاوییەکاندا، وتارێکی لەژێر ناوی \"قەیرانیش رووی لە گۆلی ورمێ کرد\"، چاپ و بڵاو کردبوویەوە.

\"25865.jpg\"
زیاتر لە سەدا ٢٥ی وشکبوونی گۆلی ورمێ، لە دەوڵەتی مشوور و ئومیدی حەسەن رۆحانیدا هاتۆتە ئاراوە
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەو وتارە زانستییەدا بڵاو بوویەوە، هۆکاری مرۆیی و دروست کردنی لەرادەبەدەری پرۆژەی بێ کەڵک لە دەرووی ئاوی گۆلی ورمێدا، هۆکاری وشکبوونی گۆلی ورمێ بوون.

دەگوترێ، زیاتر لە سەدا ٢٥ی وشکبوونی گۆلی ورمێ، لە دەوڵەتی مشوور و ئومیدی حەسەن رۆحانیدا هاتۆتە ئاراوە.

حەسەن رۆحانی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا لە ورمێ رایگەیاند: \"یەکەمین هەوڵی دەوڵەتی \"مشوور و ئومید\" رزگار کردنی گۆلی ورمێ لەو قەیرانە\" دەبێت، بەڵام هەتا ئێستا بچووکترین هەوڵ بۆ رزگارکردنی گۆلی ورمێ نەدراوە.

لە ئەگەری وشکبوونی یەکجاریی گۆلی ورمێدا، زیاتر لە ١٠ ملیارد میتری سێ جای خوێ دەبێتە تۆفان و هەڕەشە بۆسەر کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش دروست دەکات.

گۆلی ورمێ بە پانتایی ٥٧٠ هەزار هێکتار، وەکوو سەدان دوورگەی گەورەو و بچووک، کە لەماوەی ساڵانی رابردوودا بەهۆی چەندین بەنداوی دەورووبەری، لەگەڵ مەترسیی لەناوچوونی ئێجگاری بەرەوڕوویە و لەماوەی ساڵانی رابردوودا ئاستی ئاوی گۆلی ورمێ ١٤ میتر نیشتووە.