دۆخی هەنووکەیی هاووڵاتییانی پیرانشار پاش بەفر بارین

12:21 - 27 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای بارینی بەفر و سارد بوونی هەوا، هاووڵاتییانی شاری پیرانشار تووشی کۆمەڵێک گرفت بوون کە کەمتەرخەمیی بەرپرسان لەمەڕ چارەسەریی ئەو کێشانە، گرفتی هاووڵاتییانی چەندین بەرابەر زیاتر کرد.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بە هۆی بەفر بارینی لەڕادەبەدەر لە شاری پیرانشار و نەبوونی ئاو و برق، ماوەی چەند رۆژە دووکانەکانی ئەو شارە بەرەوڕووی داخران بوونەوتەوە کە هاووڵاتییان بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانیان بەروەڕووی گرفت بوونەتەوە.

\"10740.jpg\"
سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو لە پیرانشارەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، لەو ماوەیەدا بە هۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، نرخی شتوومەک و مادە خۆراکییەکان لەو شارە چەندین بەرابەر رووی لە زیاد بوون کردوە بە شێوەیەک کە نرخی هەر \"شووشە لامپا\"یەک یان هەر ١٦ نان بە ٥ هەزار تمەن بووە. واتە سەرجەم کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان بە ٥ بەرابەری نرخ فرۆشراون.

لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییان بەپشت بەستن بە بەڵێنیی بەرپرسانی شیرکەتی گاز لەمەڕ دابینی کردنی گازی پێویست بۆ وەرزی زستان، هیچ سووتەمەنییەکی دیکەیان پاشەکەوت نەکردووە و بەو هۆیەوە لە کاتی بچڕانی گازدا نرخی نان چەندین بەرابەر رووی لە زیاد بوون کردووە.

\"10741.jpg\"
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، زۆربەی دانیشتوانی شاری پیرانشار لە ماوەی ئەو چەند رۆژەدا داوایان لە بەرپرسانی شارەوانی و فەرمانداریی ئەو شارە کردبوو کە بە هانای هاووڵاتییانەوە بچن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەریی کێشەی هاووڵاتییان ئەنجام نەدرابوو و ئەوش لە کاتێک دایە پاش ٦ رۆژ خەلكی شارۆچکەی \"گردکشانە\" و سەرجەم گوندەکان و تەنانەت بەشێک لە گەڕەکەکانی ئەو شارە \"برق\"یان نییە.

بە هۆی بەفر بارینەوە ریگەی نزیک بە ١٠٠ گوندی دەوروبەری پیرانشار گیراون کە هەتا ئێستا رێگەی ٣٩ گوندیان خاوێن کراونەتەوە.

هەروەها رێوڕەسمی شەوە شێعر‌ی \"جەوان\" کە بڕیار بوو سەرلە ئێوارێی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٦ی بەفرانبار لە شاری پیرانشار دەست بە کارەکانی بكات، بەهۆی سەرما و سەخڵەتییەوە بۆ ماوەیەکی دیکە بەدوا خراوە، ئەوەش لە کاتێک دایە کە زیاتر لە ٤٠ کەس لە شاعیران و ئەدیبنای ئەو شارە بەرهەمەکانیان رەوانەی دەبیرخانەی ئەنجومەنی ئەدەبیی \"چرا\"ی پیرانشار کردبوو.