دۆخی مێرمنداڵێکی بەرکەوتووی تەقینەوەی مین بەرەو باشبوون دەچێت

16:38 - 3 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: دۆخی تەندروستیی مێرمنداڵێکی کوردی خەڵکی شاری سەوڵاوا، کە بە هۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار بوو، بەرەو باشبوون دەچێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بارودۆخی گشتیی شایان فەرەجی، مێرمنداڵی کوردی خەڵکی شاری سەوڵاوا، کە بە هۆی تەقینەوەی مین هەر دوو دەست و چاوێکی لە دەست دابوو، بەرەو باشتربوون دەچێت.

یەکێک لە نزیکانی ئەو مێرمنداڵە کوردە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"سپای پاسداران، هێزە ئینتزامییەکان و پزیشکی یاسایی، ڕاپۆرتەکانی خۆیان سەربارەت بەو ڕووداوە، ڕادەستی فەرمانداری شاری سنە کردووە\".

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: \"پزیشکان نەشتەرگەریان بۆ کردووە و هیواخوازن لە دوای ئەو نەشتەرگەرییە، بتوانن چاویلکەی تایبەت بۆ چاوی ئەو مێرمنداڵەدا دابین بکەن.

ئەو مێرمنداڵە کوردە، هەنووکە لە نەخۆشخانەی سینای شاری تاران خەوێندراوە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

ڕۆژی هەینی ٢١ی بانەمەڕ، لە یەکێک لە گوندەکانی شاری سەوڵاوا، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکان هەر دوو دەستی لە دەست داوە.