دۆخی قەیراناویی بێهداشت و دەواو دەرمان لە شاری رێژاوی داڵاهۆ

14:58 - 30 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە شارەکانی ئوستانی کرماشان لە بواری بێهداشت و دەواو دەرمان لەگەڵ کێشە و گرفتی جیددی بەرەوڕوو بۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ناوەندی بێهداشتی – دەرمانیی \"رێژاو\"ی سەربە شاری داڵاهۆ لەگەڵ کەمیی پزیشک و ئیمکاناتی پزیشکی و کادری دەرمانی بەرەوڕوو بۆتەوە و بەرپرسانی بەشی بێهداشتی ئەو ناوچەیەش لەو پەیوەندییەدا لە هەر چەشنە وەڵامدانەوەیەک خۆ دەبوێرن.

شاری ١٠ هەزار کەسیی رێژاو تەنیا پزیشکێکی گشتی لێیە و شوێنی کارەکەشی لە کاتژمێر ٨ی سەرلە بەیانییەوە هەتا ١٠ی سەرلە بەیانی (بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر) خزمەتگوزاریی دەرمانی پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکات.

کەمیی دەواو دەرمان یەکێکی دیکە لەو گرفتانەیە، کە بەشی بێهداشت و دەواو دەرمانی شاری داڵاهۆ لە ئوستانی کرماشان بەرەوڕووی بۆتەوەو هاووڵاتییان بۆ دابین کردنی دەواو دەرمان، بەناچاری روو لە شارەکانی دیکە دەکەن.

یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکان باسی لە نەبوونی پێرسونێل و کادری پزیشکی بۆ بەشی دەرزی وەشاندن کردووە و نووسیویەتی؛ پزیشک هەتا کاتژمیر ١٠ی بەیانی لەم ناوەندە دەرمانییە دەمێنیتەوە و کاتژمێر ١٠ هەتا ١٢ سەردانی گوندەکانی دەوروبەر دەکات.

بە گوتەی لێپرسراوانی بەشی وەزارەتی بێهداشت لە ئێران، پێویستە بۆ هەر یەک‌هەزار کەس پزیشکێک بوونی هەبێت.

هەروەها لە کاتێکدا شاری ١٠ هەزاری کەسیی ریژاو، تەنیا یەک پزیشکی ددانسازی تێدابوو، بە هۆکاری ناڕوون بۆ شوێنێکی دیکەی ئەو شارە راگوێزرا.

پێشتریش بەرپرسی بەشی زانستە پزیشکییەکانی ئوستانی کرماشان، نەخۆشخانەی کۆن، کەمیی تەخت لە نەخۆشخانەکان و دابەشکردنی ناعادڵانەی پزیشک و دەواو دەرمان بە گەورەترین گرفتەکانی ناوەندی دەرمانیی ئەو ئوستانە بە ئەژمار دێن.