دۆخی جەستەیی هاووڵاتییەکی دەستبەسەر کراو لە زیندانی ئیتلاعات سپای پاسداران نالەبارە

22:17 - 16 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: بارودۆخی جەستەیی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ، لە گرتووخانە حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ، نالەبار وەسف کراوە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تەندروستی \"ئەمیر پەیغامی\" کە ڕۆژی دووشەممە ٨ی جۆزەردان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، نالەبار ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە، ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوە هەنووکە لە گرتووخانەی حیفازەت ئیتلاتی سپای پاسدارانی شاری ورمێ لە بەخشی ئیتلاعات نیزامی لەژێر لێپێچینەوە دایە.

ئەو سەرچاوە چاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەمیر پەیغامی لە کاتی لێپرسینەوە ل ەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتەوە ئازار و ئەشکنجە دراوە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە: ئەمیر پەیغامی بە هۆی جۆرە نەخۆشییەک لە لاقی، تەندروستی ناوبراوە نالەبارە و هێزە ئیتلاعاتییەکان ئیزنیان پێ نەداوە ناوبراو چارەسەریی نەخۆشییەکەی بدات.

هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ماڵی ناوبراویان پشکنیوە و هێندێک کەرەستەی شەخسیی ئەمیریان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا ئێستا ئیتلاعات هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە بنەماڵەی ناوبراو ڕانەگەیاندووە.

ئەمیر پەیغامی تەمەن ٢٨ ساڵ و خێزاندارە.