دژ کردەوەی چالاکان و رێکخراوه سوننە مەزهەبەکان بە رووخاندنی نوێژخانەی سوننەکان لە تاران

20:32 - 8 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: رووخاندنی نوێژخانەی سوننەکان لە گەڕەکی پوونەکی تاران دژکردەوەی پێشنوێژێکی پەیڕەوی ئایینی سوننە لە ئێران و رێکخراە سووننەکانی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە ٧ی گەلاوێژ، لەلایەن شارەوانی و هێزە ئەمنییەتییەکانی تاران و بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو، نوێژخانەی سووننەکانی تاران ناسراوە بە \"نوێژخانەی پوونەک\" رووخێندرا.

دەوترێت، چەند مانگ لەمەوبەر نوێژخانەی پوونەک لە تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە داخراوە و رێگایان نەداوە کە سوننەکانی دانیشتووی تاران رێوڕەسمی ئایینی خۆیان لەوێ بەڕێوە ببەن.

ماڵپەڕی سوننەکان ئانلاین بە وتەی سەرچاوەیەکی خۆجێی راگەیاند: \"سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیم رژابوونە ئەو مزگەوتە و دوای پشکنینی ماڵی \"مەولانا عوبیداڵڵا مووسازادە\" و زەوت کردنی تەلەفوونی ئەو کەسە ئایینییە، هێزەکانی شارەوانی نوێژخانەی سوننەکانیان تێکداوە.

\"28286.jpg\"
مەولانا عەبدولحەمید: رووخاندنی نوێژخانەی سوننەکانی بە کارێکی ناڕەوا و ناحەز لە قەڵەم داوە
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی رووخاندنی نوێژخانەی پوونەکی تاران، مەولانا ئیسماعیل‌زەهی بە ناردنی نامە بۆ عەلی‌خامنەیی و حەسەن روحانی، خوازیاری \"پێراگەیشتنی و بەدواچوون\" ئەو کارە بووە.

ئەو پێشنوێژە ناسراوی سوننە مەزهەبەکان: \"رووخاندنی ئەو شوێنی نوێژکردنە و بێبەری کردنی سوننەکان لە شوێنێکی تایبەت بۆ نوێژخوێندن لەتاران، بە دوور لە چاوەڕوانی کۆمەڵگای پەیڕەوانی مەزهەبی سوننە بوو\".

لە بەشێکی دیکەی نامەی مەولانا عەبدولحەمیددا هاتوو: رووخاندنی نوێژخانەیەکی ئاسایی لە شارێک کە مۆڵەتی دروستکردنی مزگەوت بە هاووڵاتییانی مەزهەبی سووننە نادرێت و جێبەجێ نەکردنی داواکاری ٣٧ ساڵەی ئەو هاووڵاتییانە لە پاش سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تەنیا خەوشدار کردنی هەستی کۆمەڵگای پەیڕەوی مەزهەبی سوننە نییە، بەڵکوو هەستی تەواوی موسڵمانانی جیهان خەوشدار دەکرێت\".

\"28285.jpg\"
جەیش‌ئەلعەدل: ئەوەی بۆ حکوومەتی ئیسلامی گرینگە، دوژمنی کردنە لەگەڵ پەیڕەوانی ئایینی سوننەیە کە یەکێک لە سەرەکیترین بەرنامە و سیاسەتەکانیان حکوومەتی ئیسلامی دایە
لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوی جەیش‌ئەلعەدل لە بەیاننامەیەکدا راگەیاند: لە راستیدا رووخانی نوێژخانەی پوونەک، درێژی رەوتی سیاسەتی جینایەتکارانە و کۆنەپەرستانەی پێشووی حکوومەتی ئیسلامی‌دایە کە بۆ لە ناو بردنی سوننە مەزهەبەکان و یەکدەست کردنی حەشیمەتی شێعەکان لە ئێراندا هەنگاو هەڵدەگرێت.

ئەوەی بۆ حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گرێنگە، دوژمنی کردن لەگەڵ پەیڕەوانی سووننە مەزهەبە کە لە سەرەکیترین بەرنامە و سیاسەتەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دایە، لە ماوەی تەمەنی حکوومەتی ئیسلامیدا هەڵاواردن بە دژی پەیڕەوانی سوننە مەزهەب هەتا پێشگیری لە ئازادی دەربڕین و مەزهەب و رووخاندن و تێکدانی مزگەوت و قوتابخانە، زیندان و ئیعدام و تێڕۆرکردنی زانایانی ئایینی و بیرمەندانی سوننە مەزهەب لە چوارچێوەی کاری ئەو حکوومەتە بووە.

ئەو رێکخراوە لە درێژەی بەیاننامەکەیدا دەڵێت: \"رووخاندنی نوێژخانەی سوننەکان لە پوونەکی تاران درێژەی رەوتی دوژمنایەتی لەگەڵ سوننە مەزهەبەکان دایە.

پەیڕەوانی ئایینی سوونە لە تاران هەتا ئێستا رێگایان پێ‌نەدراوە کە مزگەوتێک لە تاران بۆ بەرێوەبردنی رێوڕەسمی ئایینی خۆیان دروست بکەن.

چاودێرانی سیاسی لەو باوەڕەدان، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە سازکردنی دووبەرکی لە ناو سوننە مەزهەبەکان و شێعە مەزهەبەکان دەێهەوێت شەر دروست ببێت و ئەمە لە پێناو بەلارێدا بردنی داواکارییەکانی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێرانە.