دژ بە ماڵپەڕی \"ایرنا\" کەمپێینێک وەڕێ خرا

22:07 - 21 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی دنیای مەجازی لە کوردستان بە دروست کردنی کەمپێینێک داوایان لە بەرپرسانی ماڵپەڕی فەرمیی دەوڵەت کردووە کە بۆ بێ ڕێزییان بە جلوبەرگی کوردی داوای لێبووردن بکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆڕتێکی هەواڵنێریی ئیرنا سەبارەت بە سەفەری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ تورکیە، چالاکانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەک تلێگرام بە وەڕێخستنی کەمپێینێک، دژ بە ناوەرۆکی هەواڵەکە هەڵوێستیان گرت.

هەواڵنێریی ئیرنا بە تەوسەوە باسی لە سەفەری مەسعوود بارزانی بۆ لای بەرپرسانی تورکیە کردبوو و لە دێڕێکدا بارزانی بە \"پیاوی پانتۆڵ لەپێی باکووری عراق\" ناساندبوو.

هەروەها لە هەواڵەکەی ماڵپەڕی فەرمیی دەوڵەتی ئێران دا، باشووری کوردستانی وەک باکووری عێراق ناوهێنابوو.

\"29154.jpg\"
کەمپێینی \"لێبووردنی بەڕێوەبەری ئیرنا\" باسیان لەوە کردووە کە هەرچەند لەوانەیە ڕەخنەیان لە کاک مەسعوود بارزانی هەبێ، بەڵام ئەوە نابێتە هۆی ئەوەی کە چاوپۆشی لە هەموو بێ ڕێزییەک بە ناسنامەی کورد لەوانە زمان، جلوبەرگ و ... بکەن.

لێبووردنی بە فەرمیی هەواڵنێریی ئیرنا لە نەتەوەی کورد بە تایبەتی کوردستانی ئێران، داواکاریی چالاکانی کوردستان لەو کەمپێینەدایە.

هەر لەم پێوەندییەدا، لاپەڕەیەکی فەیسبووکیش لەژێرناوی \"ئەمنیش پانتۆڵی کوردی لەبەر دەکەم \" درووست کراوە و بە سەدان کەس ئەکاونتەکەیان لایک کردووە.

هەڵوێستی چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتی لە تلێگرام و فەیسبووک، بووە هۆکارێک کە بەرپرسی هەواڵنێریی ئیرانا لە پارێزگای کوردستان، لە هاووڵاتیانی کورد لە ئێران، داوای لیبووردنی فەرمی بکات.

لە نامەی لێبووردنەکەدا وا هاتووە کە؛ \" ڕاپۆڕتی ١٨ی سەرماوەز لە بەغدادەوە نێردراوە و پاش وەدەنگ هاتنی کوردەکان، هەواڵەکە بە شێوازێکی دیکە دارێژرایەوە\".

نامەی ناڕەزایەتیی چالاکانی کوردستان، هاوکات بۆ حەسەن ڕووحانی، عەلی لاریجانی و عەلی یوونسی، ڕەحمان فەزڵی و تەواوی نوێنەرانی مەجلیسی ٧ پارێزگای کوردنشین نێردراوە.