دژبەرانی حكوومەتی سووریە هەواڵی كوژرانی بە كۆمەڵی هاووڵاتیانیان بڵاو كردەوە

17:04 - 12 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی كوردپا: دژبەرانی بەشار ئەسەد، حكوومەتی سووریەیان بە كوشتاری بە كۆمەڵی هاووڵاتیانی بێ‌تاوان لەو وڵاتەدا تاوانبار كرد.

ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە بڵاوی كردەوە، هێزە چەكدراەكانی سەر بە حكوومەتی سووریە لە ماوەی ١٢ كاتژمێردا زیاتر لە ٥٠ كەسیان لە هەشت شوێنی جیاجیای سووریە كوشتووە.

دیمەشق، حمووریە، حومس، دمر، ئوردووگای یەرمووك و بابا عەمروو ئەو شوێنانەن كە بە وتەی دژبەران، كوشتاری بە كۆمەڵی تێدا ئەنجام دراوە.

لەو كوشتارەدا منداڵانیش بێبەری نەبوون و لە ناوچەی \"كفربتنا\" لە نزیك دیمەشق 8 منداڵ بەدەستی هێزەكانی سووریە كوژراون.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد، ژمارەیەك لەو هاووڵاتیانە بە زەبری چەقۆ كوژراون و لە هێندێ‌حاڵەتیشدا شوێنی سووتان بە جەستەی كوژراوەكانەوە دیارە.

رۆژی رابردوو سەرچاوە هەواڵییەكانی سەر بە حكوومەتی سووریە هەواڵی ئاگرتێپەردانی سێ‌بیری نەوتیان لەلایەن دژبەرانەوە بڵاو كردبۆوە.

لە ماوەی زیاتر لە ٢ ساڵ شەڕ و پێكدادانەكان لە نێوان دژبەران و حكوومەتی سووریە، نزیك بە ٧٠ هەزار هاووڵاتیی سووری كوژراون.