دژایەتیی ناوەندە ئەمنیەتییەکان لەگەڵ مەرەخەسی و ئازادیی ژومارەیەک زیندانیی سیاسیی کورد

14:32 - 8 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ٦ زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شارەکانی بۆکان و مەهاباد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە گوشاریان خراوەتە سەر و پێش بە مەرەخەسی و ئازادیی مەرجدار ( مشروط)‌یان گیراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قاسم رەحیمی ئازەر، جەلال ناسری، سمایل هەمزەپوور، ناسر تەریق، عەلی مەولانژاد و عوسمان مەولانژاد ئەو ٦ زیندانییە سیاسییە کوردەن کە داوای مورەخەسی و ئازادی مەرجدارییان کردووە، داواییەک کە لەگەڵ دژایەتی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی شاری مەهاباد بەرەوڕوو بۆتەوە.

قاسم رەحیمی ئازەر و جەلال ناسری خەڵکی شاری بۆکان مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی سیاسیی دژبەری حکوومەتی ئێران دەسبەسەر کران و دوای ٧٥ رۆژ راگرتنیان لەگرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا، بە وەسیقەی ٧٠ میلۆن تمەنی ئازاد کران و رێکەوتی ١٩ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٠سەرجەم بە ١٣ساڵ زیندانی حوکم دران.

دواتر دادگای پێداچوونەوە حوکمی هەر کام لەو دوو گیراوە سیاسییەی بۆ ٤ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کردەوە.

بەپێی \"مادەی ٣٨ لەیاسای سزادانی ئیسلامیی\" هەر زیندانییەک کە پێشتر دۆسیەی قەزایی نەبێت و نێوەی حوکمەکەی تێپەڕ کردبێت، دەتوانێ کەڵک لەیاسای مەرجدار وەربگرێ‌و ئازاد بکرێت.

هەر بە پێی هەمان یاسا \"قاسم رەحیمی ئازەر و جەلال ناسری\" یاسای مەرجدار دەیانگرێتەوە و بە وتەی چالاکانی مافی مرۆڤ دژایەتیی ناوەندە ئەمنیەتییەکان رێگری لە ئازاد کرانیان دەکەن.

پێشتریش لەرێکەوتی ٤‌ی پووشپەڕی ١٣٩٢‌دا ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان دژایەتی لەگەڵ راگواستنی ئەو دوو زیندانیە سیاسییە لەزیندانی شاری مەهابادەوە بۆ زیندانی بۆکان کردبوو.

لەلایەکی دیکەوە و بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار \"سمایل هەمزەپوور، ناسر تەریق، عەلی مەولانژاد و عوسمان مەولانژاد\"‌یش داوای مەرەخەسی و یاسای \"نیوە ئازاد\"‌یان کردووە و ئەو داواکارییە لەلایەن لێپرسراوانی زیندانی مەهابادەوە رەت کراوەتەوە.

ئەو چوار زیندانییە سیاسییە لەگەڵ ١١ کەسی دیکەی خەڵکی مەهاباد مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٠ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر کران.

عوسمان مەولانژاد بە ١٠ ساڵ زیندان، عەلی مەولانژاد، سمایل هەمزەپوور و ناسر تەریق هەر کامیان بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم دران و هەنووکە لە گرتووخانەی شاری مەهاباد ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن.