دوئێلی نان و برینداربوونی دوو کۆڵبەری سەردەشتی

13:46 - 24 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی جێگیر لە پایگای \"بەردەپان\" لە گوندی \"بێوران\" شاری سەردەشت، تەقەیان لە دوو کۆڵبەر کە بووە هۆی بریندار بوونیان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژ، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"محەممەد حەمزە پوور\" خەڵکی گوندی \"باساوێ\" و \"ڕێبوار خزرپوور\" خەڵکی گوندی \"میر شێخ حەیدەر\" لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە تەقەیان لێکرا و بە سەختی بریندار بوون.

ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەردەشت کراون و هەنووکە لە ژێرچاوەدێری پزیشکی دان.

ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە، بە هۆی بێکارییەوە ڕوویان لە پیشەی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی شاری سەردەشت کردووە.

پێشتر، ڕەسووڵ خزری لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی \"شەرق\" ئاماژەی بەوە کردبوو کە فەرماندی هەنگی سنووری پارێزگای ورمێ بەڵینی داوە کە مەئموورانی نیزامیی و ئینتزامیی تەقە لە کۆڵبەران نەکەن.

ئەو نوێنەری مەجلیس هەروەها لەو وتووێژەدا ڕایگەیاندبوو: \"ئێمە بە فەرماندەی هەنگی سنووریمان ڕاگەیاندووە کە بە هێزەکانتان بڵێن سەرەتا دەبێت \"ایست\" بدەن و تەقەی هەوایی بکەن، ئەگەریش نەکرا، لە پشتوێن بەرەوە خوار تەقە بکەن، نە بەو شێوەیە کە تەقە کردن ببێتە هۆی گیان کە دەستدانی کۆڵبەران\".