دوو گوندی گەورەی سەر بە پارێزگای سنە، بوونەتە شوێنی فرۆشی مادەی سڕکەر

14:26 - 27 بەفرانبار 2716
ئاژانسی ‌کوردپا: بەرپرسی پۆلیسی پێش‌گیریی شاری سنە ڕایگەیاندووە کە؛ \"بەداخەوە هەندێ لە گوندەکان، لەوانە دوو گوندی گەورەی \"نایسەر و نەنەڵە\" کە حەشیمەتێکی زۆریان لەخۆ گرتووە، بوونەتە شوێنی فرۆشتنی مادە سڕکەرەکان\".

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە هەواڵدەریی کوردپا، \"ڕەحمەتۆڵڵا تاهیرزادە\"، ڕایگەیاندووە کە؛ \"هەندێ لەو گوندانەی کە لە بواری حەشیمەتییەوە گەورە بوونەتەوە و تا ڕادەیەک وەک شاریان لێ هاتووە، وەکوو \"دووشان، ئاساوڵە و نایسەر\" بوونەتە شوێنی تاوانە گەورەکان و ئەم بابەتەش جێگای مەترسی هەیە\"
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە؛ \"دوو گوندی نایسەر و نەنەڵە، بە تەواوی بوونەتە شوێنی فرۆشتنی مادەی سڕکەر\".

حکوومەتی ئێران بەردەوام لە ماڵپەرەکان و ڕاگەیاندنەکانی‌دا باس لە پێش‌گرتن بە بڵاو بوونەوەی مادە سڕکەرەکان دەکات و لەبەرانبەردا بەکردەوە وا نییە. چەند ڕۆژ پێش ئێستاش دوو بەرپرسی پارێزگای سنە باسیان لە ئەمنییەت و ئارامشی ئەم پارێزگایە و تەنانەت زیندانەکانیش کردووە، بەڵام سیاسەتە قیزەونەکانی حکوومەت لە شارە کوردنیشەکانی ئێران، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە بۆ لەنێو بردنی کۆمەڵگای کوردستان و بەتایبەتی دوورخستنەوەی لاوان لە پرسە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ...هتد، بەرپرسانی نابەرپرس، بەهەموو هێز و توانایانەوە بۆ داڕۆخاندنی کۆمەڵگای کوردستان و بە تایبەت گەنجانی کورد تێدەکۆشن و لەم نێوانەشدا چی باشتر لەوەی کە گیرۆدەبوون بە مادەی سڕکەر لە کۆمەڵگای کوردستان پەرە بگرێت و ڕیشەی خەڵک و بنەماڵەی کورد بسووتێنێت.