دوو کەس لە کرماشان بوونە قوربانیی مۆنۆئۆکسیدی کەربۆن/ ماڵێک لە سنە ئاگری تێبەربوو

19:57 - 13 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی پەیوەندیی گشتیی ناوەندی ڕووداو و فریاکەوتنی پزیشکی لە کرماشان ڕایگەیاندووە کە؛ \"دوو شارۆمەندی کرماشانی بە هۆی ژەهراوی بوونیان بە گازی مۆنۆئۆکسیدی کەربۆنەوە گیانیان لەدەستداوە\".

\"ئەکبەر ئازادی\" لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"مێهر\" باسی کردووە کە؛ \"بە دوای ئەم ڕووداوە لە شارۆچکەی \"پەردیس\"ی شاری کرماشان، تیمی فریاکەوتنی پزیشکی، بۆ شوێنی ڕووداوەکە بەڕێ کراوە\".

ناوبراو هەروەها باسی گیان لەدەستدانی دوو لاو، بە هۆی گازی مۆنۆئۆکسیدی کەربۆنی لەم ڕووداوەدا کردووە و لە درێژەشدا باسی کردووە کە؛ ئەم دوو لاوە پێش گەیشتنی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن، گیانیان لەدەست داوە.
تەمەنی ئەم دوو لاوە ، ١٧ و ١٨ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

هەروەها ، لە باخی ژاڵەی شاری سنەش، خێزنێک پاش بەکارهێنانی گەرمکەرەوەی کارەبایی لەژێر \"قورسی\"دا و گڕ گرتنی پەتووی سەر قورسییەکە، تووشی ڕووداو دەبن و خەساری زۆری ماڵییان لێ دەکەوێت.

هەموو ساڵێک لە کاتی هاتنی وەرزی سەرمادا، بە هۆی نەبوونی مەرجەکانی دڵنیایی لە کەرەستەکانی بەرهەمهێنەری گەرمادا و کەمتەرخەمیی خەڵک لە بە کار هێنانی درووستی ئەم کەرەستانەدا، زۆربەی جار ڕووداوی ماڵی و تەنانەت گیانیشی لێ دەکەوێتەوە .