دوو کەس لە شارەکانی سەقز و رەبەت، خۆیان کوشت

19:32 - 16 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا، دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی سەقز و رەبەت هەوڵی خۆکوشتنیان داوەو بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە یەکێک لەو حاڵەتانەدا ژنێکی تەمەن ٣٣ ساڵەی خەڵکی \"رەبەت\"ی سەربە شارستانی سەردەشت، بەناوی سپیدە ئۆزند کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

ئەو ژنە تەمەن ٣٣ ساڵەیە، رۆژی رابردوو لە رێگەی خۆ سووتاندنەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوەو بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، کێشەی بنەماڵەیی هۆکاری خۆکوشتنی ناوبراو بووە.

هەروەها ناوەڕاستەکانی ئەم حەفتەیە، لاوێکی خەڵکی شاری سەقز خۆی هەڵواسی و کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

\"24581.jpg\"
شەهاب سوبحانی و تەمەن ١٨ ساڵ
شوناسی ئەو لاوە کوردە، شەهاب سوبحانی و تەمەن ١٨ ساڵ راگەیاندراوە، کە کەسوکاری شەهاب، هۆکاری خۆکوشتنی ناوبراویان بۆ بێکاری و فشاری دەروونی گەڕاندۆتەوە.

تەرمی ئەو لاوە کوردە، پاش پشکنین لە پزیشکی دادوەریی شاری سەقز، رۆژی رابردوو رادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

دوکتور حوسێن تەنهایی، ئەندامی لێژنەی زانستیی زانکۆی ئازادی ئیسلامی تاران، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی \"آفتاب\"، \"ئاستی تێگەیشتن\"ی وەکوو سەرەکی‌ترین قەیرانی کۆمەڵایەتی لە ئێران لەقەڵەم داوەو گوتوویەتی: \"ئەم پرسە بۆ نەبوونی پێکهاتەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێران دەگەرێتەوە، چونکە ئاستی تێگەیشتن کاتێک خویا دەبێت، کە گوتار و بۆچوونە جیاوازەکان نێوان کۆمەڵ بوونی هەبێت.

دوکتور ناسر فکووهی، ئەندامی لیژنەی زانستیی زانکۆی تارانیش قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانی بە سێ شێوە شڕۆڤە کردووە، و لەو باوەڕەدایە: \"قەیران، لێکترازانی پێکهاتەی نەسلێکە، چونکە نەسلی نوێ کۆمەڵێک چاوەڕوانیی جۆراوجۆری هەیە، کە دەستەبەربوونیان زۆر ئەستەمە.

دووەمین قەیران، پێڕانەگەیشتن بە دۆخ و پێگەی راستەقینەی ژنان لە کۆمەڵدایە و سێیەمین قەیرانیش ململانێی نێوان نەریتی کۆن و مودێرنیتەیەم کە پێشینەکەی بۆ سەد ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. ئەم دوو لایەنی هزرییە دەیانهەوێ بەسەر یەکتردا سەربکەون و ئەمەش راستەوخۆ بۆتە هۆکاری ئەوەیکە خەڵک لە پەیونەدی لەگەڵ نەریت و مقدێرنیتەدا تووشی سەرلێشێوان ببن.