دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بریندار کران

21:16 - 8 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزی سنووریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە تەقە کردن لە کۆڵبەرانی کورد، دوو کەسیان لێ بریندار کردن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ی ڕەشەممە، لە سنووری \"شێخ‌سەڵە\"ـی سەربە سەلاسی باوەجانی، هاووڵاتییەکی کۆڵبەر بەناوی \"سدیق یاروەیسی\" کەوتە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزی سپای پاسدارن.

ئەو کۆڵبەرە، گوللە وەبەر ڕان و کەلەکەی کەوتووە و لە ئێستادا ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری جوانڕۆ کراوە.

دەوترێت کە؛ دۆخی تەندرووستیی ئەم هاووڵاتییە بەهۆی \"تەقەی ڕاستەوخۆ\"وە، ناجێگیرە.

\"\"
ڕەسووڵ ئازەری
هەروەها لە هەواڵێکی دیکەدا، لاوێکی کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی سەردەشت بە تەقەی هێزەکانی \"هەنگی مەرزی\" بە سەختی بریندار بووە.
ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە \"ڕەسووڵ ئازەری\" ڕاگەیەندراوە.

سەبارەت بە برینداربوونی ئەم لاوە، باس لەوە کراوە کە؛ ڕەسووڵ بۆ هێنانی تەرمی کۆڵبەرێکی دیکە چووەتە سنووری ناوچەی \"بۆڵفەت\" لە سەردەشت.

دوو ڕۆژ پێش ئێستاش بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کاروانی کۆڵبەران، کۆڵبەرێک گیانی لەدەست دا و دووی دیکەش بریندار بوون.

لینکی پێوەندیدار:
تەقەی ڕاستەخۆی هێزە حکوومەتییەکان گیانی کۆڵبەرێکی ئەستاند