دوو کۆڵبەر لە سنووری شنۆ کەوتنە بەر تەقەی هێزە نیزامییەکانەوە

20:43 - 20 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە سنووری شاری شنۆ، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، دەدەنە بەر دەسڕێژی گوللە و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەری کورد بە سەختی بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانبار، دوو کۆڵبەری کورد، خەڵکی شاری شنۆ، بە ناوەکانی \"عەبدوللەتیف شەعبانی\" و \"شوان مەحموودی\" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە ناوچەی دەشتەبێڵ بە سەختی بریندار کران.

ئەم دوو کۆڵبەرە کوردە، بە هۆی سەختی برینەکەیانەوە بۆ ناوەندی دەرمانی شاری تەورێز گوازرانەوە و لەژێر چاوەدێریی پزیشكی دان.

ساڵانە زیاتر لە سەدان کۆڵبەر، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، هەرەسی ڕنوو، سەرما و سۆڵە، کەوتنەخوار لە بەرزاییەکان و ڕاودوونانیان لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە، لە سەر سنوورەکانی کوردستان گیانیان لەدەست دەدەن، کە زۆرترینی ئەو حاڵەتانە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە.