دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە شاری بانە گیانیان لە دەست دا

14:27 - 13 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی تەقەی راستەوخۆ لە کۆڵبەرانی کورد لە کوردستان، دوو کۆڵبەری کورد لە شاری بانە بە تەقەی هێزەکانی حکوومەتی گیانیان لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدریی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٦ی بەیانی ١٣خەرمانان، دوو کۆڵبەری کورد خەڵکی شاری بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پێکران.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانه شوناسی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردەی بە\"حەیدەر فەرەجی\"تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی گوندی\"شەشە\" و \"مام قادر بەهرامی \"تەمەن ٤٥ ساڵ خەڵکی گوندی\"وزمەڵە\" ڕاگەیاندووە.

مام قادر بەهرامی خێزاندار و خاوەنی چوار مندالە.

\"\"ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە لە نزیک گوندی\"هەنگەژاڵە\" لە سنووری بانە کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزەکانی حکوومەتی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕووداوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند:\"بنەماڵەی ئەو دوو کۆڵبەرە کوژراوە فەرمانداری شاری بانە بە هۆکاری سەرەکیی ئەو ڕووداوە دەزانن و دەڵێن تەقە کردن لە کۆڵبەران لە سەر بڕیاری فەرمانداری بانە\"محەممەد فەلاحی\" بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: گیان لە دەستدانی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی شاری بانەی لێکەوتەوە و بنەماڵەکانی ئەو دوو کۆڵبەرە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەو رووداوە لە بەر دەرگای فەرمانداری کۆبوونەتەوە.

بنەماڵەی ئەو دوو کۆڵبەرە کوژراوە داوای سزادانی بکەرانی ئەو ڕووداوە دەکەن.

کوشتنی بەربڵاوی کۆڵبەران لە حاڵێکدایە کە پێشتر جێگری سیاسی، ئەمنیەتی و کۆمەڵایەتی پارێزگای سنە ڕایگەیاندبوو:\" بە ڕاشکاوانەوە دەتوانم بڵێم لە کاتی هاتنە سەر کاری دەوڵەتی تەدبیر و ئومید هەتا ئێستا تەنانەت یەک کۆڵبەریش لە سنوورەکانی کوردستان نەکوژراوە یان بریندار نەبووە\".

هەتا ئێستا هیچ کەسایەتییەکی حقووقی و حەقیقی لە پەیوەندیی لەگەڵ تەقەی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران و کاسبکاران لە سنوورەکانی کوردستان لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکراوە و دۆسیەی قەزایی کەسانێک کە بریندار یان گیانی خۆیان لە دەست داوە بە بیانووی\"پاراستن و پارێزگاری لە سنوورەکان\" بە ئاکامێکی دڵخواز و روون نەگەیشتووە.