دوو کۆڵبەری کورد لە سنووری پارێزگای ورمێ گیانیان لە دەست دا

21:50 - 18 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد خەڵکی شاری سەڵماس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری ورمێ و شنۆ گیانیان لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوەکانی \"جاوید حەکاری\" تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی زوبەید خەڵکی گوندی \"کەلەڕەش\" سەر بە ناوچەی شەپیرانی شاری سەڵماس بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری شاری شنۆ گیانی لە دەست دا.

ئەم کۆڵبەرە کوردە خێزاندارە و لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە پایەگای گوندی \"هێق\" سەر بە شاری شنۆ تەقەی لێکراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەلاوێژ، تەرمی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"هاشم تەهووریان\" تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی عەسکەر خەڵکی گوندی \"سوولیک\" سەر بە ناوچەی شەپیرانی شاری سەڵماس پاش سێ ڕۆژ کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری \"بەردەسوور\" سەر بە بەخشی سیلوانای شاری ورمێ گیانی لە دەست دابوو، دۆزرایەوە. ئەم کۆڵبەرە کوردە خێزاندار و باوکی منداڵێکە.

تەرمی ئەم کۆڵبەرە کوردە پاش گواستنەوە بۆ پزیشکی یاسای بە هەوڵی نزیکانی ئەو بنەماڵەیە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.