دوو کۆڵبەری کورد لە سنووری شاری بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان کوژراو و بریندار بوون

00:50 - 24 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد خەڵکی شاری بانە بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ٢٣ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ڕەحمانی کتابی\" تەمەن ٤٠ ساڵ خەڵکی گوندی \"شێلمان\" و دانیشتووی گوندی \"نەنوور\"ی شاری بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری هەنگەژاڵە، گیانی لە دەستدا و هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی \"محەممەد مەعرووفی\" تەمەن ٢٠ ساڵ خەڵکی گوندی \"بژی\" بە سەختی بریندار بووە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە شوێنێک بە ناوی \"سەرتەزێن\" لە سنووری هەنگەژاڵ تەقەیان لەو دوو کۆڵبەرە کوردە کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی ئەم کۆڵبەرە کوژراوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری بانە کراوە و هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا، دەڵێت: محەممەد مەعرووفی بە هۆی کاریگەری برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری بانە کراوە و هەنووکە نەشتەرگەری بۆ دەکرێت و سێ گوللە بەر لاقی کەوتووە.

ڕەحمان کتابی خێزاندار و باوکی ٥ منداڵە.