دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە سنووری ورمێ کوژران و بریندار بوون

15:43 - 3 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی هەنگی سنووریی حکوومەتی ئێران جێگیر لە سنووری نێوان ورمێ و تورکیه کۆڵبەرێکی کورد گیانی خۆی لە دەست دا و یەکێکی دیکە بە توندی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕ دوو کۆڵبەری کورد لە سنوری نێوان ورمێ و تورکیە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژران و بریندار بوون.

هەواڵنێری کوردپا لە ورمێ شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوژراوەی \"موراد عەرەبی\" کوڕی تاجەدین خەڵکی گوندی ئەنبێ سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕ ڕاگەیاندووە.

هەواڵنێری کوردپا هەروەها گوتی: \" ئەو ڕووداوە لە دەڕە \"کەندالوک\" لە سنووری نێوان ورمێ و تورکیه ڕووی داوە.

ئەو هەواڵنێره هەروەها باسی لەوە کردووە کە لەو ڕووداوەدا کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی \"کاردین عەرەب پوور\" کوڕی قاسم بە توندی بریندار بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوژراوە لە سنووری تورکیە تا ئێستا ڕادەست نەکراوەتەوە.

ئەو کۆڵبەرە کوژراوە تەمەنی ٣٤ ساڵ و سێ منداڵی هەیە.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١ی پووشپەڕ کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"محەممەد مەسائلی فەرد\" (دابران) به هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران جێگیر لە پایەگای \"نەجەفی\" پیرانشار کوژرا.

ماوەیەک پێش ئیستا ٢٥٠ چالاکی مەدەنی و سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا وێڕای سەرەخۆشی و دەربڕینی هاوخەمی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی کۆڵبەری کوژراوی خەڵکی شاری سەردەشت و کۆڵبەرانی دیکەی کوژراو لەم چەند ساڵەدا، نیگەرانی قوڵ و بێزاری خۆیان لە هەر جۆرە هەڵسوکەوتێکی توندوتیژئامێز لەگەڵ کۆڵبەرانی کورد و مەسەلەی کۆڵبەران دەربڕی.

هەروەها ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردان نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف لە سی و پێنجەمین دانیشتنی شوورای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسێکی لە سەر زیندانییانی سیاسی و کۆڵبەرانی کورد پێشکەش بەو ڕێکخراوە کرد و داوای کرد کۆمیسیونێک بۆ لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران پێک بهێنرێت.