دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بوونە قوربانیی

14:46 - 17 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەی کورد لەناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژران و بریندار کران.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو رێکەوتی ١٦ی رێبەندان دوو کۆڵبەری کورد لەناوچە سنوورییەکانی سەردەشت و بانە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژ و لەئەنجامدا لاوێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بەناوی \"سۆران\" گیانی لەدەست داوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە خەڵکی ئاوایی \"واوان\"‌ی سەردەشت بووە و ئێوارەیی رۆژی چوارشەممە لەنزیک ئاوایی \"نەڵاس\" بە تەقەی هێزە نیزامییەکان کوژراوە.

\"18222.jpg\"
ئاوایی \"چۆمان\" سه‌ر به شاری بانە
لەدرێژەی تەقەکردن لەکۆڵبەرانی کورد، هەواڵنێری کوردپا لەشاری بانەوە رایگەیاند، سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بەناوی \"ئەحمەد\" کوڕی جەلال لەنزیک ئاوایی \"چۆمان\" دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە.

لەئەنجامی ئەو تەقەیەی هێزە نیزامییەکان، ئەحمەد بە توندی بریندار بووە و رەوانەی نەخۆشخانەی شاری بانە کراوە.

بەهۆی نەبوونی پیشەیەکی شیاو و هەبوونی کێشەی ماڵیی، دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە مەبەستی دابین کردنی بژیوی ژیانیان روویان لە کۆڵبەری کردووە و لەو پێوەندییەدا رۆژانە شایەتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانین.

لەو بارەیەوە ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لەئێران، لەراپۆرتەکانیدا باسی لە \" کوژرانی سیستماتیکی کۆڵبەران و کاسبکارانی کوردی ناوچە سنوورییەکان\" کردبوو.

چەند رۆژ لەمەوبەریش چوار کۆڵبەری کوردی خەڵکی ناوچەی \"مەگەوەڕ\"‌ی ورمێ بەهۆی بارینی بەفری زۆر و دروست بوونی سەرما و سۆڵ لە ناوچە کوێستانییەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لەگەڵ وڵاتی تورکیە، گیانیان لەدەست دابوو.