دوو کۆڵبەری سەقزی لە ناوچەی بانە بوونە قوربانیی تەقینەوەی مین

14:56 - 14 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەقز کەلە خاڵە سنوورییەکانی ناوچەی بانە سەرقاڵی کۆڵبەری بوون، بەهۆی کەوتنە سەر مین، بەتوندی بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئەنجامی تەقینەوەی مینی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان وڵاتی ئێران و عێراق، دوو کۆڵبەری سەقزی کەلە خاڵی سنووریی سەیرانبەندی شاری بانە بە کۆڵبەرییەوە سەرقاڵ بوون، بە سەختی بریندار و کەمئەندام بوون.

هەواڵنێری کوردپا لە ناوچەی بانە، ناسنامەی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردەی خەڵکی ناوچەی سەقزی (عادڵ محەمەدیان و قادر نەباتی) راگەیاندووە.

بەگوتەی شایەتحاڵان، ئەو مینە لەژێر لاقی قادر نەباتیدا تەقیوەتەوەو بەو هۆیەوە لاقێکی بەتوندی بریندار بووەو لە ئەنجامدا رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سنە کراوەو لەوێش لاقی بڕدراوەتەوە.

هاوکات عادڵ محەمەدیان بەهۆی بەرکەوتنی پارچەی مینەکەوە، بەتوندی بریندار بووەو بۆ چارەسەریی برینەکانی، بۆ یەکێک لەناوەندە دەرمانییەکانی شاری تاران گوازراوەتەوە.

هەروەها لە رۆژانی رابردووشدا شوانکارەیەکی خەڵکی ناوچەی سەلاسی باوەجانی لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕو مالاتەکەیدا، مینێکی چیندراو بەڕوویدا تەقییەوەو بەوهۆیەوە بە توندی بریندار ببوو.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ماوەی سێ مانگی وەرزی هاوینی ئەمساڵدا ٣ هاووڵاتیی کورد بەوهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەست داوەو ١١ هاووڵاتیی کوردی دیکەش، کە سێ کەسیان ژن و منداڵ بوون، لە ئەنجامی تەقینەوەی مین و کەرەسەی بەجێماوی شەڕ بریندار و کەم‌ئەندام بوونە.

رۆژی شەممەی ئەم حەفتەیە و لە میانەی دانیشتنی وڵاتانی ئەندام لە شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەری وڵاتی (بۆسنی) بۆ یەکەمجار باسی مینی دژە نەفەری هێنابوویە گۆڕی و لەگەڵ ئەوەشدا رەخنەی لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گرتبوو، کە سەرەڕای ئەوەی پەیماننامەی ئۆتاڤای واژۆ نەکردووە، بۆ هەڵگرتنەوی ٢٠ ملوێن مینی دژە نەفەر بچووکترین هەوڵی نەداوە.

لەکاتێکدا بڕیاربوو، رۆژی سێ‌شەممەی ئەم حەفتەیە شاندی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کە بەشداری ئەو دانیشتنە بوو، لەمەر پەسند کردن یان نەکردنی راسپاردەی وڵاتانی بەشدار و یەک لەوان واژۆکردنی پەیماننامەی ئۆتاڤا وڵام بداتەوە، وڵامی هیچکام لە راسپاردەکانی نەداوەتەوە.