دوو کچ لە کوردستانی خۆرهەڵات کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

21:08 - 26 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: منداڵێکی تەمەن ١٠ساڵان لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری دیواندەرە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پێش سێ ڕۆژ، لە گوندی \"وەزیر\" لە پارێزگای سنە، کچێکی مێرمنداڵ بە ناوی \"لەیلا\" هەوڵی خۆکوژی دا.
لەیلا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووە و لە ژووری نووستنەکەیدا خۆی هەڵواسیوە.

سەرچاوەیەکی هەواڵ بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوشتنی ئەو کچە نەزانراوە، بەڵام نزیکەکانی ئەو بنەماڵە ڕایانگەیاندووە کە هەژاری و دەستکورتی پاڵنەری سەرەکیی خۆکوشتنی لەیلا بووە.

ڕاپۆڕتە نیردراوەکە باس لەوە دەکات کە؛ لەیلا هەرگیز پێشینەی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتەی نەبووە و باری دەروونیی لە دۆخێکی باشدا بووە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێ‏شەممە ٢٤ی خاکەلێوە، کچێکی خەڵکی گوندی \"یاڕاڵی\" سەر بە شاری مەهاباد، هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

ماڵپەری \"هاژە\" شوناسی ئەو کچە مەهابادییەی بە \"مەریم.ع\" تەمەن ٢٠ ساڵان، ڕاگەیاندووە.

هۆکاری خۆسووتاندنی ئەو کچە مەهابادییە بە ڕازی نەبوونی بنەماڵەکەی بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ خۆشەویستەکەی ڕاگەیەنراوە.

بە هۆی زۆریی سووتمان و سەختیی برینەکەیەوە، بنەماڵەکەی دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری ورمێ و هەنووکە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی‏دایە.