دوو کچە کوردی ئێزدی براوەی خەڵاتی ساخارۆف بوون

20:03 - 6 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: دوو کچە کوردی ئێزدی براوەی یەکێک لە بەناوبانگترین خەڵاتەکانی مافی مرۆڤی ئورووپا بوون.

نادیە موراد و لامیا حاجی‌بەشەر، ئەو دوو کچە کوردە ئێزدییە بوون کە خەڵاتی ساخارۆفی ساڵی ٢٠١٦ی پارلمانی ئورووپایان پێ بەخشرا.

ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندام پارلمانەکانی ئورووپا، لە لاپەڕەی توییتێری خۆیاندا، براوە بوونی ئەو دوو کچە کوردەیان ڕاگەیاندووە.

ئەو دوو کچە کوردە ئێزدییە لە ناساندن و ئاشکرا کردنی ئەو تاوانانەی بەرانبەر کچان و ژنانی ئێزدی کراوە، بە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان، ڕۆڵێکی بەرچاو و کارایان هەبووە.

خەڵاتی ساخارۆف لە بیست‌وچواری خەزەڵوەری ئەمساڵدا لە ئێستراسبۆرگ بە نادیە مۆراد و لامیا حاجی‌بەشەر پێشکەش دەکرێت.

شایانی باسە کە؛ ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕەزبەر، شۆرای ئورووپا لە دانیشتنێکی خۆیدا لە ستراسبۆرگ، خەڵاتی مافی مرۆڤی \"واسلاوهاوێڵ\"ی بۆ ساڵی ٢٠١٦، پێشکەش بە کچە کوردی ئێزدی نادیە مۆراد کرد.

هەروەها ڕێکەوتی ٢٦/٦/١٣٩٥، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێوڕەسمێکدا، نادیە مۆرادی وەکوو باڵوێزی نیازپاکی لەپێوەندی لەگەڵ پاراستنی کەرامەتی بەجێماوکان لە قاچاغی مرۆڤ دەستنیشان کرد.

باڵوێزی نیازپاکیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کەسەیە کە بە کەڵک وەرگرتن لە ناوبانگ و پێگەکەی خۆی لە بواری ئامانجە مرۆڤدۆستانەکاندا، هاوکاریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.