دوو کرێکاری کورد بوونە قوربانی ڕووداوی کار

15:55 - 1 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: لە دوو ڕووداوی جیاجیادا لە شاری سنە و دەورووبەری، دوو کرێکار بە هۆی ڕووداوی کارەوە بوونە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣١ی بانەمەڕ، کرێکارێکی کورد لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری سنە بە هۆی خراپبوونی ماتۆڕی ئاو تووشی گازگرتوویی دەبێت.

بەپێی ئەم هەواڵە ئەو کرێکارە کوردە کە تەمەنی ٤٠ ساڵە خەڵکی گوندی دۆشان سەر بە شاری سنەیە کە هاوکات لەگەڵ گازگرتوویی بەردەبێتەوە نێو بیری ئاوی ٢٢ مێتری و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست دەدا.

هەر لەو پەیوەندییەدا، شەوی ڕابردوو، کرێکارێکی تەمەن ٣٠ ساڵ لە یەکێک لە ڕێستورانتەکانی شاری سنە لەکاتی خاوێن کردنەوەی چەرخی گوشتدا دەستی بە سەختی بریندار دەبێت.

ئەو کرێکارە کوردە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە کراوە و دەستبەجێ نەشتەرگەری بۆ قامکەکانی دەستی کراوە.

شوناسی ئەو دوو کرێکارە کوردە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ڕانەگەیەنراوە.

ڕەچاونەکردنی ڕێوشوێنەکانی ئیمێنی کار بەردەوام لە ساڵانی ڕابردوودا لە کوردستان و ئێران قوربانی بەدوای خۆیدا هێناوە و تا ئیستاش بەدواداچوون بۆ بنبڕکردن یان کەم کردنەوەی ئەم حاڵەتانە نەکراوە.