دوو کاسبکاری کورد بە دانانی وەسیقەی قورس ئازاد کران

13:55 - 11 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو کاسبکاری کورد، خەڵکی شارەکانی سەردەشت و سەقز بە دانانی وەسیقە ئازاد کران.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"مستەفا حەسەنی\" تەمەن ٤١ ساڵ کوڕی سەعدەدین خەڵکی شاری سەقز، بە دانانی وەسیقەی ٣٨٠ میلیۆن تمەنی لە گرتووخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو کاسبکارە کوردە، گەلاوێژی ئەمساڵ لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی کرایە ئامانج و پاش بریندار بوون دەسبەسەر کرا و بۆ زیندان گوازرایەوە.

لەو پەیوەندییەدا، کاسبکارێکی دیکەی کورد، خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی \"ئاروین سەعیدی\" تەمەن ٢٤ ساڵ کوڕی ئەحمەد پووشپەڕی ئەمساڵ لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە دەسبەسەر و بۆ گرتووخانە گوازرایەوە، کە چەند ڕۆژ پێش بە دانانی وەسیقەی ١٨٠ میلیۆن تمەنی لە گرتووخانە ئازاد کرا.

بەپێی بەندی ئەلف ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، \"کەلوپەلی قاچاخ کە نرخەکەی لە ١ میلیۆن تمەن کەمتر بێت هیچ سزایەکی نییە، بۆیە دەبێ تەنیا کەلوپەلەکانیان زەوت بکرێت\".

ناوەندەکانی حکوومەتی لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە ژێرناوی \"قاچاخچی شتومەک\" هەڵسووکەوت دەکەن، لە کاتێکدا دانیشتوانی کوردستانی ئێران بە هۆی نەبوونی هەل و دەرفەتی کار و ڕوانینی ئەمنییەتی بۆ ئەو ناوچانە لە لایەن حکوومەتەوە، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و لەو پەیوەندییەدا، زۆرێک لە کۆڵبەران لەو ڕێگایەدا گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.