دوو ژن لە شاری دیواندەرە ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا

15:10 - 29 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا، دوو ژن لە شاری دیواندەرە سەر بە پاریزگای سنە بە هۆی کێشەی خێزانییەوە هانای بۆ خۆسووتاندن برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممەی ڕابردوو ژنێکی تەمەن ۳٠ساڵ بە ناوی \"ش.ب\" لەگوندی کۆسەومەری سەربەناوچەی ساراڵی دیواندەرە لە ڕێگای خۆسووتاندن بەهۆی کێشەی خێزانییەوە دەستی دایە خۆکوژی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: ش.ب لە ئاکامی ئەم هەوڵەیدا ٦٠% جەستەی سووتاوە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئیسفەهان کراوە.

هەروەها، شەوی پێنج شەممەی رابردوو لەگوندی گوڵانەی دیواندەرە ژنێکی ۲۵ساڵان بەناوی بەیان محەممەدی ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا کە ۲٠ لەسەدی جەستەی سووتا و دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی سنە کرا.

توێژەرانی كۆمەڵایەتی لەو باوەڕەدان بەهۆی ڕێگەنەدان بە توێژینەوەی مەیدانی و تۆماركردنی حاڵەتەكانی خۆسووتاندن و خۆكوژی لە ناوچە كوردنشینەكان ئامارێكی راست و دروست لە رێژەی ڕووداوەكان لەبەردەستدا نییە و بێگومان ئاماری راستەقینەی خۆسووتاندن و خۆكوژییەكان لەو ڕێژەیە زیاترە.