دوو ژنە کارمەندی کورد بەرەڕووی حوکمی دوور خرانەوە و لەسەر کار دەرکران بوونەوە

15:46 - 26 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی بەردەوامیی فشاری ناوەندە حکوومی و ئەمنییەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی کورد و چالاکانی مەزهەبی، دوو کارمەندی ژن بەرەوڕووی دوور خرانەوە و لەسەر کار دەرکران بوونەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە رۆژانی رابردوودا \"ئەسما چەشمە کەبوودی\" کە مامۆستای وانەی \"بیرکاری(ریاضی)\" لە قوتابخانەی کچانەی شارستانی کامیاران بوو، پاش ١٥ ساڵ وانە وتنەوە، بۆ ماوەی ٣ ساڵ بۆ ئوستانی یەزد دوور خرایەوە.

ئەو ژنە مامۆستایە، کە ئەندامی مەکتەب قورئانە، ٢ ساڵ پێش ئیستا بۆ تاقیکردنەوەی قۆناغی دوکتوڕای (بیرکاری)ی زانکۆی کوردستان وەرگیراو پاش چەند مانگ درێژەدان بە خویندن، لە زانکۆ دەرکرا.

ئەو ژنە مامۆستایە پاش ئەوەی ناڕەزایەتی بە دەرکرانی لە زانکۆ دەربڕی، نەک تەنیا نەگەڕێندرایەوە سەر خوێندنەکەی، بەڵکوو لقی ١ی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچیی ئیداریی کارمەندانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان، بڕیاری دوور خرانەوەی بۆ دەرچووبوو.

ئەسما چشمە کەبوودی تۆمەتی \"هاندانی قوتابیان و مامۆستایان بۆ دووبەرەکی نانەوەو بڵاوکردنەوەی بڵاڤۆکی گروپە نایاساییەکان، ئەندامەتی و چالاکی بۆ مەکتەب قورئان، دژایەتی لەگەڵ بۆنە ئایینیەکان و دروست کردنی ئاستەنگ بۆ بەرنامە پەروەردەییەکانی قوتابخانەی \"فاتیمەی زەهرا\"ی دراوەتە پاڵ.

هەروەها ئەسرا گویلی کچی محەمەد رەحیم، کە پێروسنێلی نەخۆشخانەی \"تامین اجتماعی\"ی شاری سنە بوو، بە بڕیاری لێژنەی ناوەندی \"گزینش\"ی ناوچەی ٢ی هەمەدان لەسەر کار دەرکرا.

ئەو ژنە پەرستارەی خەڵکی کامیاران، ماوەی ٣ ساڵ بوو لە نەخۆشخانەی \"تامین اجتماعی\"ی کامیاران پەرستار بوو، کە بەهۆی ئەندامەتی لە مەکتەب قورئان، بەرەوڕووی دەرکران بۆتەوە.

ماڵپەڕی مەکتەب قورئان لەو پەیونەدییەدا بڵاوی کردۆتەوە، ئەم هاووڵاتییانە تەنیا بەهۆی جیاوازیی نەژادی و مەزهەبی و هەروەها پابەندبوونیان بە شوناسی فەرهەنگی و ئاینییەکانیانەوە، لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بەرەوڕووی دەرکران لەسەر کار و دەستبەسەر کران دەبنەوە.

لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا، چەندین ئەندامی مەکتەب قورئان بەهۆی چالاکییەکانیانەوە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بانگهێشت و بەرەوڕووی لێپرسینەوەی بوونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، دۆخی جەستەیی ٤ زیندانیی مەزهەبیی کورد کە لە زیندانی قزلحەسار، کە ماوەی ٣٤ رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە، رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپتر بوون دەچێت و ئەمەش نیگەرانیی لای بنەمالەی ئەو گیراوانە دروست کردووە.

سەرچاوەیەک لە زیندانی قزلحەسار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ جیهانگیر دێهقانی و حامید ئەحمەدی فشاری خوێنیان چۆتە سەر ٦ و جەمشید دێهقانی و کەماڵ مەلایی فشاری خوێنیان بۆ ٨ دەرەجە دابەزیوە و هەر کام لەو ٤ کەسەش لە نیوان ١٠ هەتا ١٥ کیلۆدا کێشی لەشیان دابەزیوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی لەگەڵ ئەوەیکە ئەو چوار کەسە هەتا ئیستا چەندین جار بەهۆی مانگرتنەکەیانەوە لە هۆش چوون و هاوکات تووشی ئازاری گورچیلە، پشت و تووشی خوێنبەربوونیش هاتوون، بەڵام بەرپرسان هیچ وڵامێکیان بە داواکاریی ئەو چوار کەسە، لەمەڕ گەڕانەوە بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج، نەداوەتەوە.