دوو چالاکی کرێکاری کورد دەستبەسەر کران

15:52 - 9 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لەبەرەبەریی رۆژی جیهانی کرێکاراندا، دوو چالاکی کریکاری کوردی خەلکی شارەکانی سەقز و مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٨ی بانەمەڕ، مەئموورانی ئەمنیەتی حکوومەتی ئیسلامی ئێران چوونەتە ماڵی مەحموود ساڵحی و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

هەواڵنێری کوردپا لەشاری سەقزەوە رایگەیاند، هێزە ئەمنیەتییەکان لەکاتی دەستگیر کردنی ئەو چالاکە کریکارییەدا، دەستیان بەسەر کەلوپەلی شەخسی و کامپیۆتێرەکەشیدا گرتووە.

لەلایەکی دیکەوە و دوابەدوای دەستبەسەرکردنی ساڵحی، \"عوسمان ئیسماعیلی\"یش چالاکێکی دیکەی کرێکاری کوردی خەڵکی مەهاباد لە بەرەبەریی رۆژی جیهانی کرێکاراندا دەستبەسەر کراوە.

هەتا بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەستگیر کردنی ئەو دوو چالاکە کریکارییە بڵاو نەبووەتەوە.

\"26253.jpg\"
لەبەرەبەریی رۆژی جیهانی کرێکارانداعوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی ەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراون
چەند ڕۆژ لەمەوبەر عوسمان ئیسماعیلی چالاکی کرێکاریی لەوتوویژێک لەگەڵ ئاژانسی کوردپا باسی لە دەستبەسەرکردن و هەڕەشە لە هاووڵاتیانی کورد لەبەرەبەریی رۆژی جیهانی کرێکاردا کردبوو و ئەو کارانەی بە فشاری سیستماتیکی ناوەندە ئەمنیەتییەکان لەقەڵەم دابوو.

بەوتەی ئەو چالاکە کرێکارییە، لەحاڵی حازردا ١٥ چالاکی کرێکاریی کوردستان لەزیندانەکانی حکوومەتی ئێران دان و بەشێکی بەرچاویان لە چەند حەفتەی رابردوودا دەستبەسەر کراون.

عوسمان ئیسماعیلی لەدرێژەدا باسی لەوە کردبوو، چەند چالاکی کرێکاری دیکەش لە کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون کە دواتر بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.

لە بەرەبەریی رۆژی جیهانی کرێکاردا، زەخت و گوشارەکان بۆ سەر چالاکانی کریکاری رووی لەزیادبوون کردووە، هەروەها هەر لە چەند حەفتەی رابردووشدا ژمارەیەکی بەرچاو چالاکی کریکاریی دەستبەسەر کراون.