دوو چالاکی ژینگەپارێزی کورد \" خەڵاتی میللی\"یان پێ بەخشرا

15:08 - 18 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: دوو چالاکی ژینگەپارێزی کوردی خەڵکی شاری پاوە پلەی دووهەمی رێوڕەسمی \" خەڵاتی میللیان\" بەدەست هێنا و رێزییان لێگیرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٧ی جۆزەردان لە رێوڕەسمی دەیەمین خولی \"خەڵاتی میللی\" ژینگە پارێزی، موزەفەر عەبدی و سەلاحەدین میرانی دوو چالاکی ئەو بوارە و خەڵکی ئاوایی \"بانەورە\"ی سەر بە پاوە ئەو خەڵاتەیان پێ بەخشراوە.

ئەو خەڵاتە لەچوار بەشی پسپۆڕی، بەڕێوەبەریی، دامەزراوەیی و رێکخراوەییدا بەڕێوە چووە.

ئەو دوو چالاکە ژینگەپارێزییە ساڵی ١٣٨٦ هاوڕی لەگەڵ چەند کەسی دیکەی خەڵکی ئاوایی \"بانەوەر\" بە بێ هیچ ئیمکاناتێکی ئاگرکووژێنەوە، ئاگر کەوتنەوەی لێڕەوارەکانی \" بووزین\" و \" میرخل\"یان کۆنترۆڵ کردبوو.

لەکاتی کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکەدا سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی عەباس، نێعمەت و بەهائەدین فەتحی گیانی خۆیان لەدەست دا و ئەو دوو چالاکەی مافی مرۆڤەش بە توندی بریندار بوون.

لێڕەوارەکانی بووزین و میرخل بە رووبەری ٢٣هەزار هێکتار سەر بە بەخشی باینگانە و لەخاڵی سنووری نێوان ئێران و عێراق هەڵکەوتوە و بە یەکێک لەناوچە پارێزراوەکانی ئێران دێتە ئەژمار.