دوو چالاکی مەدەنی کورد بە سزای نەختی و ١٠٠ قامچی مەحکووم کران

14:26 - 30 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری سەقز دوو چالاکی مەدەنی کوردی خەڵکی ئەو شارەی بە ١٠٠ زەربە قامچی و سێ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای ئینقلابی شاری سەقز، \"منارە ئەڵڵاوەیسی\" و\"ئەیووب جەوان پوور\"، لە چالاکانی مەدەنی شاری سەقز بە لێدانی قامچی و سزای نەختی مەحکووم کرد.

بە پێی ئەو حوکمە بۆ هەر کام لەو دوو چالاکە مەدەنییە، ٥٠ زەربە قامچی یەک میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن سزا بڕاوتەەوە.

ئەو دوو چالاکە مەدەنییە کوردە بە تۆمەتی\"بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان و تێکدانی نەزمی گشتی\" تۆمەتبار کراون.

هەر لەو پەیوەندییەدا، کچە چالاکێکی کورد خەڵکی شاری سەقز، بە ناوی \"زەمانە زێوەیی\" لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە بە ٥٠ زەربە شەلاق و ١ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی مەحکووم کرا.

تۆمەتی وەپاڵدراوی ناوبراو بریتییە لە \"کۆبوونەوە بۆ پشتیوانی لە گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان و تێکدانی نەزمی گشتی\" تاوانبار کراوە.

دەوترێت، لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا دادگای ئینقلابی شاری سەقز دادگایی هاووڵاتییانی دەسبەسەر کراو لە کۆبوونەوەی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان دەست پێ دەکات.

پاش بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی گشتپرسی لە کوردستانی باشوور، هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و هەڵپەڕکێ و شایی و خۆشی لە شەقامەکان بە نیسبەت بەڕێوەچوونی ئەم گشتپرسییە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیبوو کە دواتر لەگەڵ هەڵسوکەوتی توندی هێزە ئەمنییەتییەکان بەرەوڕوو بوونەوە.