دوو چالاکی فەرهەنگی کرماشانی لە وڵاتی تورکیە ڕفێندران

14:01 - 24 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکانی وڵاتی تورکیە لە شاری ماردین، دوو چالاکی فەرهەنگی خەڵکی پارێزگای کرماشانیان ڕفاندوە و هەتا ئێستا چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لەو وڵاتە بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناوەڕاستی ئەم مانگە دوو چالاکی فەرهەنگی خەڵکی شارەکانی گێڵان غەرب و شائابادی پارێزگای کرماشان، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی وڵاتی تورکیەوە ڕفێندراون.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، شوناسی ئەو دوو چالاکە فەرهەنگییەی بە ناوەکانی\"سەجاد جەهانفەرد\" ناسراو بە\"ژیار\" و \"حەسەن بلدە\" ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، بنەماڵەی ئەو دوو چالاکە فەرهەنگییە کوردە لە ڕێگای چەند نووسەرێکی کوردستانی باکوورەوە لە دەستبەسەر کردنی کوڕەکانیان ئاگادار کراونەتەوە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە زانیارییەکی ورد لە مەڕ چارەنووسی ئەو دوو چالاکە فەرهەنگییە لەبەردەستدا نیە.

سەجاد جەهانفەرد ناسراو بە\"ژیار\" نووسەر و بەڕێوەبەری ماڵپەڕی ئەدەبی کورد لە شاری گێڵانغەرب لە پارێزگای کرماشانە.

پێشتر ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردە لە ساڵی ٩٠ی هەتاوی لەگەڵ ٧ چالاکی دیکەی فەرهەنگی لە شاری گێڵانغەرب و شائاباد لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کرماشانەوە دەستبەسەر کرابوون.

ئەو نووسەرە کوردە پاش دوو مانگ لە دەستبەسەری لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری گێڵانغەرب بە تۆمەتی\"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرابوو.

سەجاد جەهانفەرد لە دایکبووی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لە شاری گێڵانغەرب سەر بە پاریزگای کرماشانە و خاوەنی چەند بەرهەمی ئەدەبی_لێکۆڵینەوەیی بە ناوەکانی\"ئەفسانەهای سرزمین میدیا\"،\"نام نامەی مانیشت\" و چەند کتێبی دیکە بە زمانی کوردی بۆ منداڵانە.

حەسەن بەلدە، چالاکی فەرهەنگی خەڵکی شاری شائابادی پارێزگای کرماشانە و ئامانج لە چوونی بۆ وڵاتی تورکیە درێژە دان بە خوێندنی لە قۆناغی\"ماستەر\" لە بەشی زمان کوردی لە زانکۆی ئارتکلۆی شاری ماردین بووە.

بنەماڵەی ئەو دوو چالاکە فەرهەنگییە لە نامەیەکدا، داوایان لە ڕێکخراو و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ کردووە بۆ ئازادی کوڕەکانیان لە هەوڵدا بن.

هەروەها، بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە کرماشانیە نامەیەکیان ئاراستەی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم نێچیروان بارزانی کردووە بۆ ئازاد کردنی کوڕەکانیان لە وڵاتی تورکیە.