دوو چالاکی سیاسی ـ فەرهەنگیی عەرەب لەسێدارە دران

15:27 - 10 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: بە لەسێدارەدانی دوو هاووڵاتیی عەرەبی ئەهوازی، ئاماری لەسێدارەدان لەئێران، لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٤وە هەتا ئێستا گەیشتە ٧٥ کەس.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٩‌ی رێبەندان، ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەهواز بە بنەماڵەی دوو مامۆستای عەرەبەی راگەیاندووە کە رۆڵەکانیان چەند رۆژی دیکە لەسێدارە دەدرێن.

هاشم شەعبانی نژاد و هادی راشیدی دوو مامۆستا و لە چالاکانی سیاسی و فەرهەنگیی عەرەب سێ‌ ساڵ لەمەوبەر دەستبەسەر کراون.

\"18110.jpg\"
هاشم شەعبانی نژاد و هادی راشیدی دوو مامۆستا و لە چالاکانی سیاسی و فەرهەنگیی عەرەب لەسێدارە دران
چالاکانی مافی مرۆڤی عەرەب کە ، لە سێدارەدانی ئەو دوو هاووڵاتیانەیان پشت ڕاست کردۆتەوە و پێ دەچێ لە چەند رۆژی داهاتوودا لە لاین مائمورانی ئیدارەیئیتلاعاتەوە شوێنی گۆڕەکەیان بە بنەماڵەکانیان نیشان بدەن.

لقی ٢‌ی دادگای \"ئینقلاب\"‌ی ئەهواز، هادی و هاشمی بە هەواڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و \"محاربە\" تۆمەتبار کردبوو.

لەلایەکی دیکەوە دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی لەسێدارەدانی بر سەر سێ‌ چالاکی دیکەی عەرەب بەناوەکانی محەممەد عەلی عەمووری، جابر ئەلبۆشوکە و موختار ئەلبۆشوکەیان سپاندوە.
ماوەیەک لەمەوبەر هاشم شەعبانی لە نامەیەکدا نووسیبووی: \"لە ماوەی دەستبەسەریمدا لەژێر ئەشکەنجە و فشاری جەستەیی و دەروونیدا بووم\" وحوکمی لەسێدارەدانی خۆی بە \"سەرەڕۆیانە و نادادپەرەوەرانە\" وەسف کردبوو، و خوازیاری دادگایەکی کردنێکی دادپەروەرانە ببوو.

ئەو دوو هاووڵاتییە عەرەبەی کە لەسێدارە دراون لە دامەزرێنەرانی دامەزراوەی فەرهەنگیی \"الحوار\" بوون.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانیان لەدۆخی ئەو دوو زیندانییە دەربڕیبوو.

هەر لەو پێوەندییەدا رێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهوازیش لە بەیاننامەیەکدا وێڕای مەحکووم کردنی لەسێدارەدانی ئەو دوو چالاکە فەرهەنگییە رایگەیاندبوو، داوامان لە شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەیە کە لە بڕیارنامەیەکدا پەرچەکردار بەرانبەر بە ئێعدامی نهێنیی و بەکۆمەڵی چالاکانی سیاسی ـ فەرهەنگیی عەرەب لەئێران نیشان بدات.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە دەسپێکی ساڵی ٢٠١٤‌ی زاینییەوە هەتا ئێستا، ٧٥ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون.

هەر بە پێی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ساڵی ٢٠١٣دا، حوکمی ئێعدامی ٧٢٦ کەس لە ئێران بەڕێوە چووە.