دوو چالاکی سیاسی بە ٧٠ مانگ زیندان مەحکووم کران

14:48 - 3 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە شاری سەقز دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەو شارەی به زیاتر له ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەتای ئەم حەتوویە، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی ئیقباڵ زارعی، لە لایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە چوار ساڵ و چوار مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

هەروەها لاوێکی تەمەن ٢٧ ساڵەی خەڵکی شاری سەقز لە لایەن دادگای ئینقلابەوە بە ١٨ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکوم کراوە.

\"\"
سەیوان عەلیزادە
سەیوان عەلیزادەشوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە، سەیوان عەلیزادە کوڕی قادر ڕاگەیەنراوە کە چەند مانگ پاش لە دانی بەڵگەی فەرمیی حوکمەکەی، بۆ زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشان گوێزرابووە.

ناوبراو بە تۆمەتی لاینگەری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تاوانبار کراوە.

ئەو ڕاپۆرتە باس لەو دەکات کە دادگای پەیڕەوی یاسای تاوانی سیاسی لە قەبووڵی \"تاوانی سیاسی\" ئیقباڵ زارعی خۆی بواردووە و دادگایی ناوبراو بە شێوەی\"ناڕاشکاوانە\" و بە ئامادەنەبوونی\" هیات منصفە\" بەڕێوە چووە.

\"\"
ئیقباڵ زارعی
هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ئەمساڵ ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٤٥ ساڵەی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر و بۆ ماوەی یەک مانگ لێپرسێنەوە لە ئیقباڵ دەکەن.

پێشتریش هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز ڕاگەیاندبوو کە؛ ئیقباڵ زارعی پیشینەی \"زیندانیی سیاسی\" هەیە و هەروەها چەند ساڵی ڕابردوویش لە تۆمەتێکی هاوشێوەدا، ماوەی سێ مانگ لە زیندان دا بووە.

هەروەها، لەگەڵ بڕینەوەی ئەو حوکمە، لاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵە بە ناوی هێمن حوسێنی حەتووی ڕابردوو لە شاری سەقز لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.