دوو چالاکی سیاسیی کورد لە روانسەر بە زیندانی تەعزیری مەحکووم کران

20:43 - 26 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو چالاکی سیاسیی کورد لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری روانسەرەوە بە زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ دادگای ئینقلابی شاری روانسەر دوو چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی ئەو شارە، کە لە زیندانی دیزڵ‌ئابادی کرماشان لە دەستبەسەری‌دان، سەرجەم بە ٦ ساڵ و شەش مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری روانسەر رایگەیاند؛ عەبدولکەریم ئەحمەدنژاد بە سێ ساڵ و ٦ مانگ و کەسێکی دیکە بەناوی شاپوور پەرموور بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراون.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تاوانی ئەو دوو چالاکە سیاسییە کوردەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران راگەیاندووە.

شاپوور و عەبدولکەریم ئەحمەدنژاد، لە سەرەتای مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوودا هاوڕێ لەگەڵ ٥ چالاکی سیاسیی کوردی دیکەی خەڵکی شاری روانسەر، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

عەبدولکەریم ئەحمەدنژاد لە بەندی ٢ و شاپوور پەرموور لە بەندی ٥ی زیندانی دیزڵ‌ئاباد لە دەستبەسەری‌دان و بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زیندانی دیزڵ‌ئابادی کرماشان بەندی سیاسیی تێدا نییە و سەرجەم زیندانیان لە بەندەکاندا تێکەڵاون.

هەروەها دەگوترێت، کە دوو کەس لەو ٥ چالاکە سیاسییە کوردە، لەلایەن دادگای ئینقلابی روانسەرەوە هەرکام بە ١ ملیۆن تمەن جەریمە مەحکووم کراون و کەسێکی دیکەشیان بە بێ تاوان ناسراوە، کە هەتا ئێستا شوناسی ئەو کەسانە بۆ هەواڵنێری کوردپا روون نەبۆتەوە.