دوو چالاکی سیاسیی کورد بە سپاردنی بارمتە لە زیندان ئازاد کران

17:01 - 12 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، کەلە ناوچەی بانە دەستبەسەر کرابوون، بە سپاردنی ٣٠٠ ملیۆن تمەن بارمتە بەشێوەی کاتی لەزیندان ئازاد کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هادی و ئومید تام و خەڵکی شاری مەریوان، کە رۆژی هەینی رێکەوتی ٤ی خەزەڵوەر لە ناوچەی بانە دەستبەسەر کرابوون، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١١ی جۆزەردان، لە زیندنای شاری سەقز ئازاد کران.

هادی و ئومید تام رێکەوتی ٣ی رەشەمە پاش سێ مانگ دەستبەسەری رەوانەی زیندنای شاری سەقز کران و حەفتەیەک بەرلە ئێستا پاش ئەوەی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە بازپورسی کرابوون، بڕیاری ئازادکرانیان بە دانانی بارتە بۆ دەرچووبوو.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی خەڵكی ناوچەی مەریوان، کە برای یەکترن، رۆژێک بەر لەدەستبەسەرکرانیان، لە نزیک گوندی \"وزمەڵە\" لەناوچەی \"بۆیەن\"ی سەربە شاری بانە لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداران تووشی تێکهەڵچوون هاتبوون.

هەروەها سێ کەس بەناوەکانی (\"هوشیار(رێبوار) عەزیزنژاد\" و \"ئازاد سالم\" و ئەمجەد تام)، کە دەگوترێت ئەندامی یەکێک لە حزبە کوردییەکان بوون، لەو تێکهەڵچوونەدا کوژرابوون، بەڵام هەتا ئێستا هیچ‌کام لە حیزبە کوردییەکان بە فەرمی ئەندامەتیی ئەو کەسانەیان لە حیزبەکانیاندا پشتڕاست نەکردۆتەوە.

لەو پەیوەندییەدا کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد بڵاوی کردۆتەوە، هادی و ئومید تام بۆ ماوەی ٤ مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی سەقز و سنە لەژێر ئەشکەنجەو لێکۆڵینەوەدا بوون.