دوو پارێزەری دیکە بە تیمی پارێزەرەکانی ڕامین حوسێن‌پەناهی زیاد بوون

14:45 - 16 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو پارێزەری ناسراوی کورد بە شێوەی فەرمی ئەرکی پارێزەری زیندانییەکی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدامیان لە ئەستۆ گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەر داخوازی بنەماڵەی حوسێن‌پەناهی، عوسمان موزەیەن و مازیار تاتایی، پارێزەریی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدامیان لە ئەستۆ گرت و لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە چاویان بەو زیندانییە سیاسییە کوردە کەوت.

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە لەو بارەیەوە
ڕایگەیاندووە:\"مازیار تاتایی و عوسمان موزەیەن بە تیمی پارێزەرەکانی ڕامین زیاد بوون تاکوو دواتر بە شێوەی گرووپی و بە یارمەتی ئەو دوو پارێزەرە کوردە ئەرکی دادکۆکی کردن لە ڕامین ئەنجام بدەن\".

ناوبراو هەرەها دەڵێت: \"هیوادارم ئێمە هەر سێ پارێزەرانی داد بتوانین کاری داکۆکیی کردن لە ڕامین بە باشترین شێوە درێژە بدەین و لە داهاتوودا شایەتی ڕزگارکردنی ناوبراو لە پەتی سێدارە بین\".

ڕۆژی سێشەممە ١١ی بانەمەڕ، ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدام، بۆ بەڕێوەچوونی حوکمەکەی ڕەوانەی قەرەنتینەی زیندانی شاری سنە کرا، کە بە هۆی گوشاری بیروڕای گشتی و ناوەندەکانی داکۆکیکار له مافی مرۆڤ، پێشیان بە بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدامی ڕامین گرت.

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوە لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات لە شاری قۆم، حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی پشتڕاست کرایەوە.

ڕامین حوسێن‌پەناهی، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، لە شەڕ و تێکەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە، بە سەختی بریندار بوو و لە لایەن هێزەکانی سپاوە دەسبەسەر کرا؛ پێشتریش حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری پلەی یەکی دادگوستەری و پارێزەری دۆسییەی ڕامین حوسێن‌پەناهی، بە ئاماژەکردن بە دەرکردنی حوکمی ئێعدامی ڕامین، لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"ڕامین حوسێن‌پەناهی بە تاوانی \"بغی\" و ئەندامبوون لە کۆمەڵە بە ئێعدام لە حەوشی زیندانی سنە مەحکووم کراوە\".