دوو هاووڵاتی لە کرماشان بەهۆی تەقینەوەی مین لەنێو ئاسنەواڵە گیانیان لەدەست دا

ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی بانەمەڕ، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "محەممەدڕەسووڵ ڕەحیمی" و "محەممەد بازوەند"، خەڵکی کرماشان، بەهۆی تەقینەوەی مین لەنێو ئاسنەواڵە، گیانیان لەدەست داوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە، لە شەقامی حافزی کرماشان سەرقاڵی کڕین و فرۆشتنی ئاسنەواڵە بوونە کە لە کاتی تواندنەوەی ئاسنەواڵە بە مەشخەڵی هەواگاز، تووشی ئەو ڕووداوە بوونە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩١ هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩٩، سەرجەم ٣٥٨ غەیرەنیزامی لە کوردستان بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین و کەرەستەکانی شەڕ کە لە کۆی ئەم ئامارە، ٩٤ هاووڵاتی کوژراون و ٢٦٤ هاووڵاتیی دیکە بریندار بوونە.

ئەو ئامارە بە پشتبەستن بە حاڵەتەکانی تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە و لەوانەیە ئاماری ڕاستەقینە زۆر زیاتر لەم ڕێژەیە بێت.