دوو هاووڵاتی لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کران

14:58 - 18 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتی، ئەندامی کاناڵە تێلگرامییەکان لە لایەن حیفازە ئیتلاعاتی سپای پاسدرانی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی شاری مەهاباد، ڕۆژی پێنج شەممە ١٥ی پووشپەڕ، دوو چالاکی کاناڵی تێلگرامی خەڵکی شاری مەهاباد، لە لایەن حیفازەت ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەهاباد شوناسی یەکێک لەو دوو هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوەی بە\"جەماڵ تەنهایی\" ناسرا بە جەماڵ قەیتەران کوڕی عومەر قەیتەران ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوە هاووڵاتییە کوردە خەڵکی گوندی\"حاجی خۆشی\" لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە لیباس شەخسیەیەکانی حیفازەت ئیتلاعات بە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان ڕاگەیاندووە، لە دانی هەرجۆرە زانیارییەک بە ڕاگەیەنەکان خۆیان ببوێرن.

هەتا کاتی بڵاونەوەی ئەم هەواڵە شوناسی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوەکەی دیکە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی ئەندام و چالاک بوون لە کاناڵە تێلگرامییەکان دەستبەسەر کراون.

پاش ڕووداوەکەی شاری تاران و هێرش بۆ سەر گۆڕی خومینی و مەجلیسی ئەو وڵاتە، شەپۆلی دەستبەسەر كردن لە كوردستان لە نێو هاوڵاتییانی كورد بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەكانەوە ڕووی لە زیاد بوون کردووە.