دوو هاووڵاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئێعدام کران

20:34 - 10 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: حوکمی قیساسی دوو زیندانیی کورد، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەو شارە بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێ‌شەممە ١٠ی ڕەشەمە، بەرپرسانی حکوومەتی لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، حوکمی ئێعدامی دوو زیندانیی کوردیان جێبەجێ کرد.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو دوو زیندانییە کوردەی بە ناوەکانی\" ئەفشین شەوکەتی\" و عەلی وەلی زادە\" ڕاگەیاندووە.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو دوو زیندانییە کوردە ئێعدام کراوە، خەڵکی شاری ورمێ بوون و بە تاوانی \"کوشتنی بە ئەنقەست\" زیندانی کرابوون.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە کە؛ ئەو دوو زیندانییە لەگەڵ دوو زیندانیی دیکە، ڕۆژی پێشتر بۆ ژووری تاکەکەسی گوێزرابوونەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ماڵپەڕە، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە لایەن دادگای کەیفەریی شاری ورمێەوە بە قیساس مەحکووم کرابوون.

ڕاگەیەنە فەرمی و خۆجێییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ڕووماڵ کردنی هەواڵی ئێعدام کردنی هاووڵاتییان لە ئێران خۆیان دەبوێرن.

ساڵی پار ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووەوە کە؛ لە پاش چین، ئێران دووهەمین وڵاتە لە بواری ئێعدامدا.