دوو هاووڵاتیی ئیلامی، لەژێر ناوی \"لات و لووت\" بە شەقامەکاندا سووڕێندرانەوە

21:38 - 24 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئیلام بە بڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە شەقامەکانی ئەو شارەدا سووڕێندرانەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو پۆلیسی ئیلام لە بڕیارێکی جێگەی تێڕاماندا، پاش ئەوەی دوو \"تۆمەتبار\"ی دەستبەسەر کرد، بە شەقامەکانی ئەو شارەدا گەڕاندیانن.

هێزی ئینتزامیی حکوومەتی ئیسلامی، بە بیانووی بن‌بڕ کردنی نائەمنی و تاوانە کۆمەڵایەتییکان\" لە کۆمەڵگەدا، ئەو دوو هاووڵاتییەی بە شقامەکاندا سووڕاندۆتەوە.

هەواڵدەریی ئیرنا بڵاوی کردۆتەوە، ئەو دوو هاووڵاتییە بە بڕیاری دادگا بە شقامەکاندا گەڕێندراون و ئەو کارەشی وەکوو \"سەرمەشقێک بۆ شەڕفرۆش و لات و لووتەکان\" وەسف کردووە.

هەتا ئێستا شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە روون نەبۆتەوە، بەڵام فەرماندەری هێزی ئینتزامیی ئیلام گوتوویەتی: \"پاش چەند رۆژ گەڕان، شوێنی خۆحەشاردانی ئەو دوو کەسە دۆزراوەتەوەو دەستبەسەر کراون\".

گەلاڵەی پۆلیس بۆ بەرەوڕووبوونەوی کەسانی \"لات و لووت(اراذل و اوباش)\" لەسەر سەرشەقامەکان و هەروەها ئەو کەسانەشی لە گرتنگەی هێزە ئینتزامییەکاندان، لە کاتێکدایە، کە پێشتر هەواڵدەریی ئیسنا لە زاری کارناسێکی باڵای مافناسییەوە بڵاوی کردبووەیەوە: \"سووراندنەوەی تاوانباران لە ناو شارەکاندا جۆرێک پەرەپێدانی توندوتیژی و دروست کردنی بوغز و رق لە کۆمەڵگەدایە\".

موحسین مەلەکی‌زادە بە پشت بەستن بە ماددەی ٣٦ و ٣٩ و ماددەی ١٦٦ی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامی، گەڕاندنی کەسانی تاوانباری \"بەپێچەوانەی یاسای سزادان و یاسا\" لە قەڵەم دابوو.

ئەو کارناسەی باڵای مافناسی باسی لەوەش کردبوو: \"ئەو تاوانبارانەی کە بە شەقامەکاندا دەیانسووڕێننەوە، هیچ شتێکیان نییە کە لەدەستی بدەن و بە شێوەیەک بیر دەکەنەوە کە لەلایەن کۆمەڵگەوە پەراوێز خراون\".

سەعید خراتها، کۆمەڵناس، بە ماڵپەڕی \"سەلامەت نیوز\" راگەیاندووە: \"بە سەرنجدان بە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی گەڵاڵەی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ \"لات و لووت\"، نەسلێک لە کۆمەڵگە ماوەی چەندین ساڵە لەژێر سێبەری گەڵاڵەی جۆراوجۆری ئەمنیەتیدا ژیاون و تووشی ئەو دیاردەیە هاتوون و لە ئەنجامدا بەشێکی بەرچاو لەو نەسلە ناوی \"لات و لووت\"یان لەسەر دادندراوە\".

وێنە: ئارشیڤ