دوو هاووڵاتیی کورد لە کرماشان و ورمێ دەسبەسەر کران

20:00 - 30 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی کرماشان و ورمێ بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٢٩ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"یاسر موحبی\" تەمەن ٣٨ ساڵ کوڕی غۆڵامحوسێن خەڵکی بەخشی \"بێلوار\" سەر بە شاری کرماشان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوه.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە کە دەرچووی ڕشتەی ژمێریاری(حسابداری)ـیە، لە شوێنی کارەکەی بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوه.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ساڵی ڕابردووش بە هۆی پشتیوانی لە بەهائیان لە کۆبوونەوەیەکی فەرهەنگی – خوێندکاریدا بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کرابوو.

لەم پێوەندییەشدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"قادر زەینی\" تەمەن ٢٩ ساڵە کوڕی سەیفەدین خەڵکی شارەکی \"ئەلواج\"ـی ورمێ بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوه.

ئەم هاووڵاتییەی خەڵکی شاری ورمێ کە دەرچووی ڕشتهی کشاورزییە، به هۆی دەستێوەردانی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە دامەزران لە جەهادی کشاوەرزیدا بێبەری بووە و لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بە خۆرایی لە ڕێکخراوی مانگی سوور (هلال احمر)ی ورمێدا چالاکی کردووە.