دوو هاووڵاتیی کورد لە مەریوان بانگهێشتی ئیتلاعات کران

20:28 - 23 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئارام نیک‌پەی، کوڕی عەزیز و سۆران کاوە خەڵکی گوندی \"نێ\"ی سەربە شاری مەریوان، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت وبەرەوڕووی لێپرسینەوەی مەئموورانی ئەو ناوەندە ئەمنییە بوونەتەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان رایگەیاند؛ ئارام و سۆران رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوە بانگهێشت کراون و سەبارەت بە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی جێژنی نەورۆزی ئەمساڵ لە گوندی نێ لێپرسینەوەیان لێکراوە.

دەگوترێت ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی لێکراوە، کە چیدیکە رێوڕەسمی لەو چەشنە بەرێوە نەبەن.

لە رۆژانی رابردووشدا خەڵکی گوندی \"نێ\"ی سەربە شاری مەریوان، لە چالاکییەکی ژینگەپارێزی‌دا، ناودێ و دەوروبەریت گوندەکەیان لە زبڵ خاوێن کردەوە.

کۆتاییەکانی ساڵی رابردووی هەتاوی، زۆربەی چالاکانی فەرهەنگی لە شار و گوندەکانی کوردستانی ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بانگهێشت و پێیان راگەیاندرابوو، کەلە بەریوەبردنی رێوڕەسمەکانی سەری ساڵ و نەورۆز خۆ ببوێرن.