دوو هاووڵاتیی کورد لە شاخی قەندیل بریندار کران

13:42 - 25 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران لە شاخی قەندیل بریندار کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەزبەر، دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"جەبار برشان و موسلێح قوریش\"، کوڕی سەیدموراد، خەڵکی گوندی \"نمنجە\"ی سەر بە شاری پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران بە سەختی بریندار بوون.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات بەبێ ‌ئاگادارکردنەوەی پێشوو، دەکرێنە ئامانجی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە پاش برینداربوونیان بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانە ناوەندی دەرمانی دەکرێن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران لەو دوو هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.