دوو هاووڵاتیی کورد سەرجەم بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران

11:29 - 20 رێبەندان 2720

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "هاشم مورادی" و "ئیسماعیل محەممەدپوور" خەڵکی گوندی "شیناوێـ"ـی شاری پیرانشار، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، هەر کامیان بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.

دادگا ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تاوانبار کردووە و ئەو حوکمەش لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بە ئەو دوو هاووڵاتییە ڕاگەیاندراوە.

هاشم مورادی کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ پاش بانگهیشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەسبەسەر و ڕۆژی شەممە ٨ی سەرماوەز، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتنگە، ئازاد کرابوو.

ئیسماعیل محەممەدپوور (حاجی عەبدوڵڵا) شەوی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، بەبێ بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی شەممە ٨ی سەرماوەزی ئەمساڵ، ناوبراو پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.

وێنە: ئیسماعیل محەممەدپوور (حاجی عەبدوڵڵا) و هاشم مورادی