دوو هاووڵاتیی کورد ٩ ساڵ زیندانیان بۆ بڕایەوە

15:06 - 4 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، سەرجەم ٩ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ دوو هاووڵاتیی کورد بڕیەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لاوێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی \"ئێقباڵ زارع ڕاد\" لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو، دادگای شاری سەقز ئێقباڵ زارع ڕادی بە تۆمەتی ئەندامەتیی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی ئیسلامیی ئێران تاوانبار کردووە.

\"30703.jpg\"
ئەفسانە بایەزیدی
ئەو لاوە کوردە دوو مانگ پێش، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سەقزەوە لە گۆڕپانی هەڵۆی ئەم شارە دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە لە زیندانی ناوەندی سەقز ڕاگیراوە.

ئەفسانە بایەزیدی

هەروەها، کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو، دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد حوکمی زیندان و دوورخستەوەی بۆ ئەفسانە بایەزیدی بڕیەوە.

ئەو خوێندکارە کوردە، بە تۆمەتی \"بانگەشە دژی نیزام\"، \"بێڕێزی بە ڕێبەری\"و \" هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان\" لەلایەن دادوەر \"جەوادی کیا\" دادوەری دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە چوار ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ پارێزگای کرمان مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپا، ئەفسانە تەواوی ئەو تۆمەتانەی لە دادگا ڕەد کردبووە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراوە لە ناوەندیی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ماوەی ٢٢ ڕۆژی ڕابردوودا، لە دادگاکانی شارەکانی کوردستان، سەرجەم ٢٦ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٢ ساڵ زیندانی تەعلیقی بۆ شەش هاووڵاتیی کورد بڕدراوەتەوە.