دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە شەڕی عەفرین گیانیان لە دەستدا

20:49 - 29 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ و ماکۆ لە شەڕی عەفرین لە گەڵ ئەرتەشی تورکیە گیانیان لە دەستدا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنەکان و ڕاگەیاندنی خەباتکارانی هێزەکانی سووریەی دیموکراتیک، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی\"کاوە مەجیدی\" بە کۆدی\"باهۆز\" خەڵکی جوانڕۆ، و \"حەمیدە دودکانی میلان بە کۆدی بەرفین زیلان\" خەڵکی ماکۆ لە شەڕی هێزەکانی ئەرتەشی تورکیە لە شاری عەفرین گیانیان لە دەستداوە.

هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک ئەو خەباتکارانەی وەکوو گیان لە دەستداوانی بەربەرەکانێی مێژووی عەفرین ناوبردووە و ڕایانگەیاندووە: \"ئەو خەباتکارانە لە بەرانبەر داگیرکاری هێزەکانی ئەرتەشی تورکیە لە شاری عەفرین کوژراون.

ڕۆژی شەممە ٣٠ی بەفرانبار، دەوڵەتی تورکیە هێرشی بەربڵاوی ئاسمانی بۆ سەر شاری عەفرین دەستپێکرد و لەو هێرشەدا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی مەدەنی بێتاوان بریندارکران و کوژران.

پاش تێپەڕینی ٣٠ ڕۆژ لەو هێرشە، بەربەرکانێی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک لە بەرانبەر ئەرتەشی تورکیە بەردەوامە و هەتا ئێستا ژمارەیەک زۆر لە هێزەکانی هەردوولا لەو شەڕە بوونەتە قوربانی و گیانیان لە دەست داوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی تورکیە بۆ سەر عەفرین، دەوڵەتی تورکیە ئیدعای ئەوەی کرد کە ئەوەی بە \"ئۆپراسیونی چڵی زەیتوون\" ناوی لێنابوو، لە ماوەی سێ ڕۆژدا، دەتوانێ شاری عەفرین داگیر بکات، بەڵام شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ئەرتەشی تورکیە لە ٣٧ گوند و لە ٥ بەرەی جەندریس، شیا، ڕاجۆ، بڵبڵە و شەڕا درێژەی هەیە.