دوو هاووڵاتیی کورد بە بارمتە قورس بە شێوەی کاتی ئازاد کران

14:33 - 4 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، پاش نزیکەی ٣ مانگ مانەوە لە گرتووخانە، بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"فەردین وەفایی و حوسێن محەممەدی\" خەڵکی گوندی \"عەباساوا و ئاڵیکەند\" سەر بە شاری بۆکان، پاش نزیک بە سێ مانگ مانەوە لە گرتووخانە، هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کران.

ئەم دوو هاوووڵاتییە کوردە، سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەوانیان بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" تاوانبار کردبوو.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان راگوێزراون و دواتر بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ کراون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بە ڕەزامەندیی دەزگای قەزایی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگایییەکەیان بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.