دوو هاووڵاتیی کورد بانگهێشتی ئیتلاعاتی بۆکان کران

21:47 - 13 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەی بانگهێشت کرد و لێپرسینەوەی لەگەڵ کردن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٩ی پووشپەڕ، دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی \"مەنسوور ئیسماعیل‌پوور و لوقمان پیشیار\" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە پاش بانگهێشتیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، لە کاتی لێپرسینەوەدا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، بێ‌ڕێزیان پێ کراوە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: پاش وەرگرتنی بەڵێننامە، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان ئازاد کردووە.

مەنسوور ئیسماعیل‌پوور، دووکانی \"نوشت‌افزار و کپی\" و لوقمان پیشیار شۆفیری ماشینی بارهەڵگرە گەورەکانە.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە خێزاندارن و هەتا ئێستا هۆکاری بانگهێشتکرانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات ڕوون نەبووتەوە.